www.commona.org  
 
نـــــــە (بــــــەڵێ) و نـــــــە (نەخێر)
عەلی مولود

نە «بەڵێ» نە «نەخێر» !!

بەڵێ و نەخێر.. دوو بزووتنەوەی جیاوازو دوو بەرژەوەندی دژ بەیەک نین، بەڵکو دوو جەمسەری یەک پرۆسەی هاوبەشن کە ئەوسەری هەردووکیان بەشداری پێکردنی خەڵکی کوردستانە لەدەنگدانێکی شکڵی و فۆرماڵی دا، زیان و قازانجی خەڵکی کوردستانیش بە پێوانەکردن و سەنگ و سوکی نێوان ئەم دوانە دیاری ناکرێت، چونکە نە «بەڵێ» هیچ دەسکەوتێک بەدی دێنێت و نە «نەخێر» هیچ دەسکەوتێک دەپارێزێت. هەردوکیان دوو دیوی یەک رووداون کە پێکەوە مەترسی جۆراوجۆریان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە.

ئەم پرۆسەیە، ئێمە پشتیوانی بکەین یان رەتی بکەینەوە، خۆی دەستی پێکردووە، نە بەپشتیوانی کردن دەتوانرێ رێڕەوەکەی بگۆڕدرێت و نە بەڕەتکردنەوە دەتوانرێت زیانەکانی کەمبکرێتەوە، کەوایە بیرکردنەوە لە رێگای سێهەم مەسەلەیەکی ناچاری گرنگ و چارەنوس سازە.

رێگای سێهەم رێگای رەتکردنەوەو رووخاندن و وەلانانی ئەم دەسەڵاتەیە، کە دەمێکە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا خۆی نەفی کردووە، نە «بەڵێ» نە «نەخێر» بۆ ریفراندۆم، بەڵێ بۆ گۆڕینی دەسەڵات، دەتوانێت دۆخەکە هاوسەنگ بکات، ئەم دەسەڵاتە بەحکومەت و دامودەزگاکانیەوە بیگرە کە بەتەواوی چووەتە خزمەتی کەرتی تایبەتەوە تاکو کەرتی تایبەتەکەی کە بەهاوکاری و پشتیوانی حکومەت ئەم کوردستانەی قوتداوەو بەرەو ئاقارێکی مەترسیداری بردووە، هیچ خێرو فەڕێکیان بۆ خەڵکی کوردستان تێدا نیەو عاقڵانەترین بڕیار ئەوەیە کە هەوڵی گۆڕین و دەست بەسەراگرتنیان بدرێت.

تەنانەت ئەگەر قسە لەسەر دامەزراندنی دەوڵەت و جیابوونەوەی خەڵکی کوردستانە لە عێراق، نابێت زەخیرە بین بۆ بەدەوڵەتکردنی ئەم دەسەڵاتە فاشیل و مشەخۆرە، بەڵکو دەبێت خەڵکی کوردستان و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی لایەنگری بەرژەوەندی خەڵک، خۆیان و لەدەرەوەی ئەم دەسەڵاتە هەوڵی دروستکردنی بدەن، رێگای خەڵک و رێگای ئەو دەسەڵاتە خۆپەرست و دوژمن بەخەڵکە، بەتەواوی جیاوازن لەیەکترو لەهیچ شوێنێک ناچنەوە سەر یەک.

چەپ و سۆسیالیستەکان لەگەڵ خەڵکی کوردستان ئەگەر لەم رێڕەوەدا یەکبگرنەوەو لەدەرەوەی سیاسەت و نەخشەکانی ئەم دەسەڵاتە بێنە مەیدان، ئیمکانی ئاڵوگۆڕی جدی و ریشەی دێتە ئاراوە، کە کۆمەڵگای کوردستان دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر. بۆیە بە رای من رێگای دروست ئەوەیە بانگەوازی خەلکی کوردستان بکرێت بۆ رزگارکردنی کوردستان لەدەستی ئەم دەسەڵاتە نەک شتێکی تر.