www.commona.org  
 
ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگی «خەڵک»!
نزار عبداللە

ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگی «خەڵک»!

نزار عبداللە

لەشاشەی تی ڤیەکەوە دوێنێ شەو گوێم لە چەپێکی ئاخر زەمان بوو بەناوی «خەڵک»ی کوردستانەوە قسەی دەکرد و لەو رێگەیەوە دەیویست رەوایەتی بدات بە بڕیاری ئەنجامدانی «ڕیفراندۆم»و کۆی پرۆسەکە، گوایە ئەوە «گەڕانەوەیە بۆ ڕاو دەنگی خەڵک»، وە دەنگەکە دەبێ رێزی لێبگیرێ و چی و چی.

هەڵبەت ئەو کەسەی دەڵێ ئەم ریفراندۆمە گەڕانەوەیە بۆ دەنگی «خەڵک» و ئەمە وەک دروشم بە دانیشتوانی ئەم دەڤەرە دەفرۆشێتەوە مایەی بەزەییە، چونکە یان نازانێ یان بیری چووە کە زۆر دەمێکە لەم سەرزەمینەدا «خەڵک» مردووە، 26 ساڵە کوشتویانە و دەیکوژنەوەو لەسەر تەرمەکەی دەلەوەڕێن، ئەگەر دەڵێن ئێستا بۆی دەگەڕێینەوە ئەوە دەبێ وەک پەندە عەرەبیەکە بڵێین «یقتل القتیل و یمشي في جنازتە»، واتە هەر خۆی دەیکوژێ و لەگەڵ مەراسیمی ناشتنی تەرمەکەیدا ڕێدەکا، چونکە ئەمەی دەگوزەرێ زیندووکردنەوەی نیە، بەڵکو مەراسیمی ناشتنەکەیەتی!

ئەم چیرۆکی ریفراندۆمە بێ پاڵەوانەی پڕ بووە لە پاڵەوان، ئەو دروشمە فووتێکراوانەی «مێژوو» دەگۆڕن، بۆیە ئاوا بێ تام و چێژن و دانیشتوانی ئەم دەڤەرە وەک ئەوەی خۆڵ و دۆ کرابێ بەسەریاندا دانیشتوون و بە دیاریەوە دۆش داماون لەبەرئەوەیە کە «خەڵک» تیایدا مردووە. بۆیە رۆژ بووە بە رۆژی دروشمەکان، بەتایبەتی دروشمە قەبەو زلەکان، چونکە لای ئێمە مێژوو نەک بەهێز بەڵکو بە دروشم دەگۆڕێت، بۆیە توڕوهات بووە بە مەزنێتی، جەنگەکان بووە بە جەنگی دۆنکیشۆتی، گۆڕانکاری مێژووییش گەردەلوول و زریانی ناو فنجانێکە، چەند قسەیەکی ڕووکەش و بێ رۆحی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ماس میدیایەکە.

«گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک» ماوەیەکە بووە بەرۆحی زۆر نوسین و گوتاری رۆژی رەوتێکی چەپگەرا، رەنگە ئەمە وەک عەرەب دەڵێ «کلمة حق یراد بە الباطل)، واتە ووتنی ووشەیەکی هەق بێ بۆ کردارێکی ناهەق! ئەگینا ئەم دێڕە بارگاویە بە دەیان پرسیاری ترسناک، ڕاڤەی بۆ بکەین دەبێ وەک هایدگەر ئاسا کەچۆن لەسەر هەر سێ پنتەکەی پرسیار ڕاوەستا واتە(پرس و پرسیارکارو پرسیار لەسەرکراو) ئەوە دەبێ ئێمەش لەسەری ڕابوەستین: ئەوە «کێ»یە دەگەڕێتەوە و بۆچی دەگەڕێتەوە و بۆچی کرداری گەڕانەوە؟ «گەڕاوە بۆ» کێیە، بابەتی گەڕانەوەکە چیە؟ هەر کەس باس لە «دەنگی خەڵک» بکات ناچارە لەسەر ئەو پرسیارانە بوەستێ و وەڵامی شیاوی پێبداتەوە.

من لێرەدا لەسەر یەک پنت دەوەستم کەئەویش بۆ گەڕاوەکەیە واتە «خەڵک»، ئەوەی کراوە بەو «گشتە»ی هەندێک بەناویەوە قسەدەکەن و گرەوی لەسەر دەکەن و ئەرکی «مێژوویی» پێدەسپێرن و وە تەنانەت ئێستا رەوایەتی بە «گشتپرسی» دەدەن بەناویەوە. من نێوانم لەگەڵ ئەم جۆرە لە«گشت»ەکاندا نیە، وە بەڕاستی لەگەڵ ئەم جۆرە لە «گشتپرسی»یش کێشەی جددیم هەیە، دەزانم ئەو گشتانەی بەمجۆرە دروستکراون یان دروستدەکرێن چەند بەتاڵن، چۆن هەوڵێکن بۆ دروستکردنی بتی سیاسی و بۆتەیەک بۆ توانەوەی فرەڕەنگی و فرەچەشنی و فرەبەشی و پەردەپۆشکردنی جیاوازی چینایەتی، تا خوڵقێنەرەکەی نوێنەری بێ و هەژموونی بەسەردابکات و ببێ بەجێگرەوەی. ئەم گشتگەراییە نوێ نیە، نەریت و ڕێبازێکی کۆنی سیاسیە بۆ زاڵگەری و دەسەڵاتگەری.

لەکوردستاندا لەمێژە «نەتەوەی کورد» کراوە بەو گشتە بەتاڵە، هێزە نەتەوەییەکان رۆحەکەیان کوشتووەو هەموویان لەبۆتەیدا تواندۆتەوەو خۆیان کردووە بە نوێنەری تاقانەی، وەلەم ڕێگەیەوە بوون بەدەسەڵاتدارو سەروەری چەوساوەو ستەملێکراوانی هەرێم، ئێستاش کۆمەڵێکی تر بەناوێکی ترەوە واتە «خەڵک» لاسایی ئەو کارە دەکەنەوە تا خۆیان ببن بە نوێنەر و دواجار بە جێگرەوەی.. ئەگەر بڕیارە گشتێکی گەورەی وەک «خەڵک» یان «نەتەوە» هەبێ، ئەوە پڕە لە گشت و لە بەشی تر، بەمانایەک فرەگشتە و فرە دەنگە و فرەڕەنگە و هەمەچەشنە و فرەچینە، پەیوەندی نێوان ئەوانەش نە چوونیەکن و نە وەک یەک و نە هاوسەنگ. بەڵام ئەم «گشتانەی» لەمەڕ خۆمان لەسایەی ئەم نەریتە سیاسیە زاڵەدا پێشوەخت بەتاڵن، کاتێک ئەو گشتە بەتاڵە دێتەبوون دەبێ زیاتریش بەتاڵ بکرێتەوە تا باشتر لەلایەن یەکێک یان دەستەیەکەوە پاوان بکرێ و بە خۆی پڕبکرێتەوە. چ کێشەیەکە ئەگەر لەلایەن کوڵە دیکتاتۆرێکەوە کارتەکانی دەنگدان پڕ بکرێتەوە بەدەنگی 99٪ی دەنگەکان (نمونەکان زۆرن ئەوە سەدام و موبارەک و فڵان و فیسار و ئەوانی تر)، یان ئەگەر خاترمان بگیرێ و کارتی دەنگدانی ڕیفراندۆم بکرێ بە ٨٠٪ یان ٧٠٪ ی دەنگی «بەڵی».

ئەمجۆرە لە «گشت» دروستکردن بەپێی دۆخەکان و بەرژوەندیەکان ناوەکانی دەگۆڕدرێن، وەلێ لە بنەڕەتدا هاوناوەڕۆکن، لاسایی و کۆپی یەکترن، لیستەکان دوور و درێژن، بۆ نمونە «موسڵمان»، «تورکمان» یان «شیعە» یان «سونە» یان «گەل» و «نەتەوە» و «کرێکار» و.....تاد.. وائێستاش رەوتێکی چەپگەرا، بەپێی هەمان نەریتی سیاسی باو، گۆڕیوێتی بە «خەڵک»، مۆڵەتیان بەخۆیان داوە خۆیان بکەن بەخاوەنی، بە ناویەوە قسەدەکەن، قسەی خۆیان وەک قسەی خەڵک ڕادەگەیەنن، تەخوینی کەسانی تر دەکەن کاتێک دەیانەوێ بایکۆتی ڕیفراندۆم بکەن یان بە «نەخێر» وەڵامبدەنەوە گوایە ئەوە دژی خواستی «خەڵک»ی کوردستانە بۆ سەربەخۆیی و ... تاد.

زۆر بەسانایی ئەوەیان لەبیر خۆیان بردۆتەوە کە «خەڵک» بابەتێک نیە بۆ خاوەندارێتی نیە تا ئەوان خۆیان بە خاوەنی بزانن وەک چۆن کوردیش بابەتێک نیە بۆ خاوەندارێتی تاکو بارزانی و ئەو هێزانەی خۆیان وەک نەتەوەیی دەناسێنن خۆیان بەخاوەنی بزانن، ئەوەی ئەمڕۆ لەم باژێری سیاسەتەدا، دانیشتوانی دەڤەرێک بەناوی جۆراوجۆرەوە ئەم هەموو پاڵەوان و خاوەن و میراتگرە دڵسۆزەی بۆ پەیدابووە نیشانەیە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بەندەو ڕامکراو، بۆیە هەرکەس دەیەوێ ئاخوڕی بۆ هەڵبەستێ و بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆی تاوی بدات..

لەڕاستیدا «خەڵک» یان هەیەو هەموو شتێکە یان هیچ نیە.. لەم دۆخە کۆنەپەرستانەی ئێستادا کە پارتە دەسەڵاتدارەکان و دام و دەزگا ئابوری و سەربازی و کارگێڕیەکانیان هەموو شتێکن و کۆمەڵگادا هیچی تری تیا نەماوەتەوە، ئیتر «خەڵک» هیچ نیە، فیگەرێک نیە، وەک چۆن دەیان ملیۆنیان هیچ نەبوون کاتێک فاشیەکان و نازیەکانیان خستەسەر شان لەدەیەی سیەکاندا و ئەوەی ڕوویدا سەرەنجام ڕوویدا. ئێستاش ئەو «خەڵک»ە هیچ نیە تەنانەت ئەگەر بەپەنجە مردووە شین هەڵگەڕاوەکانی مۆربدات لە سیاسەتەکانیان. رەنگبێ پووچترین قسەیەک کە ئەم ماوەیە بیستبێتم ئەوە بووبێ کە گوایە کاتێک دەسەڵاتداران دەگەڕێنەوە بۆ دەنگی «خەڵک» و بەقسەی ئەوان دەنگەکەش بۆ سەربەخۆییە ئیتر دەبێ ڕێز لەو دەنگە بگرن و سەربەخۆیی ڕابگەیەنن! لەراستیدا ئەوەی دەیەوێ نوێنەرایەتی ئەم هیچە بکات هەگبەکەیشی پڕبێ بەدەستی خاڵیەوە دەگەڕێتەوە، چونکە هەموو هێلکەکانی خۆی دەخاتە سەبەتەی ئەو هێزانەوە کە لە دەسەڵاتدان و هەموو شتێکیان لە قازانجی خۆیان بڕاندۆتەوە بەناوی گەل و نەتەوەو «خەڵک»یشەوە، سەرەنجام(وەک کاتی خۆی نیچە رایگەیاند: زەردەشت وای ووت) دەوڵەتیشیان بۆیە دەوێ تا خەڵک بمرێ.

هەڵبەت ئەگەر کەسێک لەنیەت پاکی خۆیەوە قسەی خۆی کرد بە قسەی «خەڵک» یان بە ناوی «خەڵک»ەوە قسەی کردو گشتاندی ئەوە هەڵەیەکە، ئەگەر ئاگادارکرایەوە لەهەڵەکەی و هۆشیارانە بەردەوام بوو لەوەی قسەی خۆی یان قسەی کۆمەڵەکەی و پارتەکەی بکات بەقسەی «خەڵک» بێگومان نیەتی رووی لە بە بەندەکردنی ئەوی دی و بوون بە سەروەریانە بە ناوی «خەڵک»ەوە، مەبەستی جێگرتنەوەو پاوانکردن و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەتە، ئەگەر لەسەری رۆیشت و بەتوندی بەرگری کرد بێ سڵەمینەوە پێی بڵێ «فاشیست».

ئەگەر لەدەرەوەی ئەم بازنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و نوێنەرایەتیکردنی کورد و «خەڵک»ی کوردستان کەسێک بیەوێ شتێک بڵێ دەبێ بێتە دەرەوەی بازنەکە، ئەگەر دەیەوێ ئەو «هیچ» ە بکات بە «گشت»، {وەک لەسرودی ئەنتەرناسیوناڵدا هاتووە: ئێمەی هیچ ببین بە گشت ئەی کۆیلان}، ئەوە دەبێ خاڵ دابنێ و لەسەری دێڕەوە بە خۆجیاکردنەوە و بەرەنگاری دۆخی زاڵ دەستپێبکاتەوە. ئەگەر ئامانج ژیانە لەکۆمەڵگایەکی ئازادو یەکساندا، خۆبەڕێوەبردن و خۆبژێویە، نەهێشتنی چەوسانەوەو ستەمکاری و هەڵاواردنە بەهەموو چەشنەکانیەوە، لەوانەش ستەم و هەڵاواردنی نەتەوایەتی، نەک گەیشتن بە پێگەو نازناو، دەرکەوتن و خۆکردن بەپاڵەوان بۆ دەسڕاگەیشتن بە پێگەی باش بۆ خۆ و بۆ پارتی ڕابەر لەسیستمی باودا، ئیتر قوربانی و ماندووبوون و کاری خۆبەخشانە پێویستن، درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەی دەوێ کە گشتگەراو خەڵکوژو دەنگکوژ و خۆسەپێن و پاوانخوازن نەک لاساییکردنەوەیان..

لەم سۆنگەیەوە درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ریفراندۆمەش کە لەلایەن دەسەڵات و لایەنگرانیەوە کراوە بە داهۆڵ بۆ ترساندنی دۆست و دوژمن، بۆ تەخوین و تەهوین، وە لەهەموو ماناکانی خۆی وەک ڕێگاچارەیەکی دیموکراتی بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی گشتی دیموکراتیک بۆ چارەسەری یەکجاری مەسەلەی کورد بەتاڵکراوەتەوە.

ئێستا کە «خەڵک» هێزو دەسەڵاتی نیە، دەسەڵاتی زاڵ هەموو شتێکی وەک ئیسفنج بۆ خۆی مژیوە و خۆی ساغکردۆتەوە، ئیتر پرۆسەیەکی واقعی بۆ گەڕانەوە بۆ دەنگی «خەڵک» لەئارادا نیە، من لە جێگەی بارزانی بوومایە(ببورن برادەرانی پارتی ئەم کفرە دەکەم!) بەم شێوە رووکەش و فۆرماڵیەش بۆ دەنگی «خەڵک» نەدەگەڕامەوە، لاسایی یەکێتی نیشتمانیم دەکردەوە کە لەکاتی گەڕانەوەی مام جەلالدا لە نەخۆشیەکەی، بە دروشمی گەورە و قەبە نوسیان و ئێستاش لەشاری سلێمانی لە هەندێک سەنتەری شارەکەدا ماوە: «مامە تۆ بۆ هەموومانی و هەموومان بۆ تۆین»، ئەگەر سەرۆک بۆ هەموومانە و ئیتر ئێمەش هەموو بۆ ئەوین، ئەم گەڕانەوە کۆمیدی- تراژیکە بۆ ئێمە و بۆ دەنگی خەڵک لەپای چی؟ فەرموو خۆت وەکو وتووتە «بەڵێ» بە جورئەتەوە تا کۆتایی بڵێ «بەڵێ» و سەرەتا دروشمی جیابوونەوە لە عێراق ڕابگەیەنە نەک سەربەخۆیی، چونکە ئێمە دەمێکە لەم دەڤەرەدا سەربەخۆین(یاری بە زاراوەکان مەکەن)، یەکەمجار بڵێ جیابوونەوەو دووەم جار بڵێ دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ دوای جیابوونەوە. فەرموون بڕیار بدەن و چاوەڕێی چی دەکەن، هێزو دەسەڵات و پارە لای ئێوەیە، ئەم پرسەتان کردووە بە گرێ، هەر خۆتان دەردن و هەر خۆشتان دەرمان..

..