www.commona.org  
 
ریفراندۆم و ئەنجومەنی ئاسایش!
نزار عبداللە

ریفراندۆم و ئەنجومەنی ئاسایش!

نزار عبداللە

ئەمڕۆ کاتێک هەواڵی ڕاگەیاندنەکەی ئەنجومەنی ئاسایشم گوێ لێبوو کە بە کۆی دەنگ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان لە ٢٥ ئەیلولی ئەم مانگەدا رەتکردەوە، وەک ئەوەی خەنجەرێکی تر بە جەستەی خۆم و میللەتێکی ستەملێکراودا ڕۆچووبێ ژانم کرد و هەستم بە ئازار کرد.

ئەو کۆدەنگیەی ناوچەکە و جیهان و بەدیاریکراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و دەرکردنی ڕاگەیاندن لەسەر ئەو پرسە چاوەڕوانکراو نەبوو. ئاشکرا بوو کە لەگەڵی نین و بە باشی نازانن، بەڵام کارەکە بگاتە ئەوەی لەم بارودۆخەدا کۆدەنگ بن، یەک هەڵوێست بن و هەموو لەسەر یەک خەت بن بۆ رەتکردنەوەی مافی چارەنوسی گەلی کورد دیاردەیەکی کەم وێنەیە..

هەڵبەت ئەم هەڵوێستە لەسەر ئاستی ناوچەکەش دەبێت بەهۆی توندبوونەوەی هەڵوێستی تورکیا و ئێران و عێراق و هەماهەنگی زیاتریان بۆ پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان و کۆی مەسەلەی کورد لەناوچەکەدا.. ئاکامێکی ڕاستەوخۆیشی ئەوە دەبێ کە حکومەتی ناوەند لە بەغداد توندتر هەڵوێست وەردەگرێ و ئەگەر دوێنێ ئامادەی سازش و پاشەکشەیەک بوو ئەمڕۆ و سبەی لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەوەی نابێت. وە ئەمە بەدیاریکراوی و بەپلەی یەکەم کاریگەری خراپی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت و ئنجا دواتر لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی. هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەو مافە و ئەو شەرعیەتە دەدات بەدەوڵەتی عێراق کە، بە پشتیوانی نێودەوڵەتی، هەرێمێکی یاخی تەمبێ بکات و بەزەبری هێز سبەی رۆژ بیهێنێتەوە ژێر رکێفی خۆی.

هەڵبەت من خۆم دژی ڕیفراندۆمی 25 ئەیلول بووم و ئێستاش لەسەر ئەو هەڵوێستەم و ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم سووربن لەسەر ئەنجامدانی ئەوە بایکۆتی دەکەم، چونکە هەر لەسەرەتاوە لەو باوەڕەدا بووم کە هەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی ئامادە نیە، ئەو کارە هێزی دەوێ، خەڵکی کوردستانیش هێزی ئەو کارەیان نیە، دەسەڵاتدارانیش زۆر لەوە لەرزۆکترن ئەو هێزەیان هەبێ و لە مشتێک دەسەڵاتداری کرمۆڵ و گەندەڵ زیاتر نین، هەروەها ئامادەکاری سیاسی و سەربازی و ئابووری بۆ کارێکی وا فەراهەم نەکراوە و نیە. هەروەها ئەوەی کە هەرێم لە پشتگیری و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کارە بەهرەمەند نیە زۆر بەڕۆشنی لە یەکەم ڕاگەیاندنی یەکێتی کۆمۆنیستەکاندا لەعێراق لەبارەی ڕیفراندۆمەوە هاتووەو ئەو پڕۆژەیەی لەو ڕوانگەیەوەو لەزۆر ڕوانگەی دروستی ترەوە پرۆتستۆ کردووە.

بەڵام ڕاشکاوانە بدوێم ئەو هەڵوێستە توندەی دەوڵەتانی زلهێز و ئەو ئاستە لە هەماهەنگی ووڵاتانی ناوچەکە دژ بە مەسەلەی کورد بۆ کەس پێشبینی کراو نەبوو، تەنانەت پێموایە بۆ خودی بارزانیش وەک شۆک وابوو، ئەو نەیدەتوانی هەستکردن بە ئیحبات لە ووتارە ڕووکەشەکانیدا لەکەرنەڤاڵەکاندا بشارێتەوە.

پێش لە هەموان تورکیا بەمەرامەکانی گەیشت، ئەو کە ژێر بە ژێر هانی بارزانی داوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تا پێگەی ئەو پارتە لەهەرێمدا بەهێز بکات، توانی لە ڕێگەی بارزانیەوە سەری کوردی ئەم دەڤەرە بتاشێ و ئاوێنەکەش بداتە دەستی. لەڕێگەی بارزانیەوە دەوڵەتی کوردستان و سەربەخۆیی سوک و ڕسواکرد، وەک چۆن پێشتر داعشی پێ هێناو دواتریش داعشی تێبەردا.. لەڕوویەکی ترەوە پارتیش وەک هێزێک لەکوردستان بە مەرامەکانی خۆی گەیشت، بوو بە سەرگەورەی هەموان، پەرلەمانە کارتۆنیەکەش کەوتەوە ژێر دەستی، دواقسەش لەسەر چارەنوسی هەریم لەگەڵ بەغداد هەر دەبێ ئەو بیکات، ئەوانی تر دەبێ لێی بپاڕێنەوە، بەو کۆمۆنیستە تەرەقە سورانەیشەوە کە لایەنگری پڕۆژەکەی بوون، تاکو کارێک بکات، چ بەردەوام بێ یان پاشگەزبێتەوە لەبڕیارەکەی و بیکات بە خاتری خاترداران!

بەڵام کورد وەک میللەتێک زیانی بەرکەوت، خەنجەری لێدرا، پرسەکەی چووە دواوە، چارەسەری دیموکراتی مەسەلەی کورد پاشەکشەی کرد و بوو بە ژێرەوە، خواستی لەمێژینەی خەڵکی کوردستان بۆ جیابوونەوەو سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون لێی درا و گەمەی پێکرا. تەنانەت بەهۆی سیاسەتە ستەمکار و چاوچنۆکەییەکانی پارتی و یەکێتی و هاوکارەنیانەوە چارەنوسی ئارامی هەرێمیش کەوتۆتە سەر لەپی ڕەشەبا..

تازە ئەم دەرئەنجامە ترسناکانە بە دروشم ناگۆڕدرێن، بەهێزێکی واقعی و بەرپرس و بەدەربەست دەکرێ. هێشتا ئەو هێزە ئامادە نیەو دەبێ ئامادەبکرێ.

ئێستا لە کوردستان ئاکامی ستەمکاری بووە بە وێرانکاری. یەکەمجار نیە دەسەڵاتدارانی ستەمکار بەڵا بەسەر میللەتەکەی خۆیاندا دەهێنن. هەر بۆیە ئومێد بەستن پێیان و دڵخۆشکردن بەکار و بڕیار و پڕۆژەکانیان خۆفریوودانە. ئەگەرچی هەڵەیە لەداخی ئەوان بەهاتنی ئەو بەڵایانە و ئەو وێرانکاریانە دڵخۆش بین، ببین بە بوقی نەیاران و رکەبەران، بەڵام هاوکات دەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێ کە ئاکامی ستەمکاری هەر وێرانکاریە، لەبری ئەوەی لەو وێرانکاریە بترسین، خۆبەدەستەوە بدەین، دەبێ پێشی پێبگرین، لەجەرگەیەوە ئاڵای بەرەنگاری هەڵبکەین، کاتێک ئەوان کوردستان وێران دەکەن، ئومێدو بەرەنگاری ئەو کاتە دەست پێدەکات.