www.commona.org  
 
هەڵوێستیی تەڤگەری ئازادیی لەمەڕ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌
ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
ماوه‌ی سێ مانگه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوری كوردستان سه‌رقاڵی ڕۆژه‌ڤێك كراوه‌، كه‌ بێ ئه‌نجامه‌ و پشتریش ئێمه‌ ئه‌و ڕاستیانه‌مان خستبووه‌ ڕوو، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده ستپێكردنی پرۆسه‌كه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕیفراندۆمیش ئه‌و ڕاستیه‌ی پشت ڕاست كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ " ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه‌ و سنورجیاناكه‌ینه‌وه "‌ ، ئه‌مه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ته‌نها وه‌كو كارتێكی سیاسی  ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌كارد ده‌هێنن و جارێكی تر مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت له‌ ئه‌نجامی شكستی 26 ساڵی حوكمڕانی له‌ باشوری كوردستاندا، له‌ لایه‌ك پێشێلكاری زه‌قی یاسایی كه‌ دیارترینیان په‌كخستنی په‌رله‌مان  و به‌سه‌رچونی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌، له‌لایه‌كی تر، نه‌بونی ئازادی و دیموكراتی، سیاسه‌تێكی  شكستخواردووی ئابوری، تا گه‌یشتنی دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ڕه‌وشێكی خراپ و پڕ له‌ قه‌یران و زۆر دۆخی تری ناهه‌موار كه‌ به‌مه‌به‌ست خزێنراونه‌ته‌‌ ناو ژیانی تاك به‌ تاكی كۆمه‌ڵگه‌، هێدی هێدی جگه‌ له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی خسته‌ نێو لێگه‌ڕین به‌ دوای مۆدێلێكی نوێ وه‌كو ئاڵته‌رناتیڤیك، له‌ هه‌مان كاتدا توڕه‌بوون و به‌گژاچونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌رێكی كراوه‌ی هه‌رساتێكن، بۆیه‌  له‌ ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات  په‌نایان برده‌ به‌ر ڕۆژه‌ڤی ڕیفراندۆم ، به‌ به‌ كارهێنانی كۆمه‌ڵێك دروشم (كه‌ خودی خۆیان پێی باوه‌ڕ نه‌بوون)  یاری كردن به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئامانجی په‌رده‌پۆش كردنی شكسته‌ سیاسی و ئیداری و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان و به‌رز كردنه‌وه‌ی كێرڤی ده‌نگه‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، بێگومان به‌ده‌ر له‌ داخوازی حیزب به‌شێك له‌گه‌له‌كه‌مان به‌شداری ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی  كرد و وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ دۆخێكی ناشه‌فاف وناخاوێن و بێ چاودێردا ، ده‌نگ و ڕای خۆیان دا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یان به‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و بابه‌تێكی به‌رپرسیارێتی مێژووی نه‌ته‌وه‌یی بینی، نه‌ك بۆ خاتری حیزب و كه‌س و ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ ناكرێت هیچ لایه‌نێك خۆی بكات به‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگانه‌، له‌ هه‌مان كاتدا، وه‌كو ئه‌وه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادی داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان كردبوو كه‌ به‌شدار نه‌بن و بایكۆت هه‌ڵبژێرن، به‌شێكی زۆر و به‌رچاو بایكۆتی پرۆسه‌كه‌یان كرد و به‌ هیچ جۆرێك به‌شدارییان نه‌كرد،
بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رز و خه‌مخۆرانه‌ی دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان به‌رز ده‌نرخێنین ،سوپاسی ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ ئه‌رێنیانه‌یان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ ده‌م بانگه‌وازی ئێمه‌وه‌ هاتن و له‌ خه‌م و تێگه‌یشتنی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌نوسی گه‌له‌كه‌مان و ئامانجه‌ شاراوه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ تێگه‌یشتن، بێگومان ته‌ڤگه‌ری ئازادی خه‌بات ده‌كات له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراتی، له‌ چوارچێوه‌ی پێكه‌وه‌ ژیانێكی دیموكراتیانه‌ و فۆرمێكی ته‌ندروستی به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ پێشتریش له‌ پرۆژه‌كه‌ماندا به‌رامبه‌ر به‌ ڕیفراندۆم پێشكه‌شمان كردبوو، 
له‌ كۆتاییشدا وێڕای هه‌ڵوێستمان كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ل ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا نه‌بوین، ڕێز له‌ ته‌واوی ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان ده‌گرین و ده‌ڵێین له‌ ئه‌نجامی هه‌ر دۆخێكی مه‌ترسیداریشدا كه‌ ڕوبه‌ڕوی گه‌له‌كه‌مان ببێته‌وه‌، خۆمان خاوه‌ندار و ئه‌ركدار ده‌بینین بۆ پاراستنی گه‌ل و ده‌ستكه‌وته‌كانمان.
ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی
26-9-2017