www.commona.org  
 
په‌یامێك دژ به‌ جه‌نگ
له‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ئازادیخواز و ڕادیكاڵه‌وه‌

په‌یامێك دژ به‌ جه‌نگ

په‌یامێك له‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ئازادیخواز و ڕادیكاڵ له‌ ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و چه‌وساوه‌ی عێراق و كوردستان، به تایبه‌تیش شاری كه‌ركوك و دوزو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریان. له‌ ئێستادا، شه‌ڕێكی ناڕه‌وا و ماڵوێرانكه‌ر به‌رۆكی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی گرتووه‌ كه‌ دووره‌ له‌ ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ و شه‌ڕێكه‌ به‌ تایبه‌ت له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی كه‌مینه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆره‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م هاوكێشه‌ و ململانێیه‌ به‌ شێكیشه‌ له‌ سیاسه‌ت و ستراتیژی ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی دونیا بۆ گۆڕینی هاوسه‌نگی و ته‌سفیه‌حساباتی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان. كه‌ به‌ ڕاستی ئه‌م جه‌نگه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌كرێت و په‌یوه‌ندییه‌كی دوور تا نزیكی به‌ باشتركردنی ژیانی ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌. كه‌واته‌ ئه‌م جه‌نگه‌، پاڵپشت به‌ ڕووداوه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵمێنێت كه‌ جه‌نگێكی دروستكراوی ناسیۆنالیستی و تائیفی و ئیتنیكی چه‌ند هێزێكی بۆرژووازی ڕه‌شی هه‌لپه‌رسته‌ و ته‌نها كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌چننه‌وه‌.

داواكارین كه‌ خه‌ڵك چیتر به‌ ڕۆحی خۆی و چه‌كه‌كانیانه‌وه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی و سه‌رمایه‌كانیان نه‌زانن، خۆیان به‌ به‌رپرسیار نه‌زانن به‌رامبه‌ر به‌ هێزگه‌لێك كه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك دێن و هه‌ژاری و ماڵوێرانییه‌كانمان زیاتر ده‌كه‌ن و ئێستاش ئاه و خه‌می له‌ ده‌ستدانی ئه‌و خاك و ده‌ستكه‌وتانه‌‌ هه‌ڵكێشین كه‌ به‌ ڕاستی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌موو داهاته‌كانیان قۆرخكراوه‌ و هیچیشیان له‌ ژیانی خه‌ڵك نه‌گۆڕیوه‌. هه‌روه‌ها داواش ده‌كه‌ین كه‌ به‌ شێك له‌ خه‌ڵكمان وزه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان له‌پێناو ئه‌و هێزانه‌دا به‌ناوی خۆبه‌خشییه‌وه‌ به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن و خۆیان هێزه‌كانی خۆیان رێكبخه‌ن و سه‌ركردایه‌تی بكه‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌دا.

ته‌نها ڕێگاچاره‌ی خه‌ڵك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌ی خۆی له‌ هه‌ژاران و به‌شمه‌ینه‌تان پێكبهێنێت. جیاكردنه‌وه‌ و رێكخستنی به‌ره‌ی خه‌ڵك و گۆڕینی ڕووی لوله‌ی تفه‌نگه‌كان له‌ هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌تانی چینه‌كه‌یانه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌یانده‌ن به‌گژیه‌كدا، زه‌روره‌تێكی سیاسیی باڵایه‌ له‌پێناو ژیانێكی ئازاد و دادپه‌روه‌ردا.

له‌ كۆتاییدا، داواكارین له‌ هه‌موو خه‌ڵكی ئازادیخواز و ژیاندۆست، شانبه‌شانی ئه‌م هه‌وڵه‌ ئه‌وانیش ده‌ست به‌ جووڵانه‌وه‌ و چالاكییه‌كانی خۆیان له‌ سه‌رجه‌می شار و شارۆچكه‌كانی عێراق و كوردستاندا بكه‌ن تاكو بتوانین پێكڕا ئه‌م جه‌نگه‌ وێرانكه‌ره‌ی كه‌ شیرازه‌ی ژیان و خه‌باتی خه‌ڵكی هه‌ژار و ئازادیخوازای تێكداوه‌، ڕابوه‌ستێنین.

له‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ئازادیخواز و ڕادیكاڵه‌وه‌

18-10-2017