www.commona.org  
 
دەستبەسەركردنی سالح موسلیم بە توندی ئیدانە دەكەین
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق

دەستبەسەركردنی سالح موسلیم بە توندی ئیدانە دەكەین

شەوی رابردوو لە پراگی پایتەختی وڵاتی چیك ، ساڵح موسلیم نوێنەری تەڤدەم لە دەرەوەو هاوسەرۆكی پێشووی (پەیەدە) لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەست بەسەركرا، ئەوە لەكاتێكدا بە بانگهێشتی فەرمی و بۆ بەشداری لە كۆنفرانسێك سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە. سەبارەت بە گرتنەكەی هەواڵی ئەوە لە ئارادایە كە دەوڵەتی توركیا داوای لە چیك كردووە ناوبراو دەستبەسەر بكات و وەك داواكراو رادەستیان بكات، ئەم داوایەش بەدوای شكستی هەوڵێكدا هاتوە كە لەلایەن پۆلیسی نهێنی توركیاوە بۆ تیرۆركردن یان ڕفاندنی دراوە.

ئەو هەوڵانە لە لایەن توركیاوە یەكەمجار نییەو لە زۆربەی كاتەكاندا بۆی مەیسەر بووە، چونكە ئاوێتە بوونی بەرژەوەندییەكانی بەشێكی زۆر لە وڵاتان لەگەڵ توركیا، فرسەتی زیاتری داوەتە توركیا دەست ئاوەڵا بێت تەنانەت بۆ تیرۆریش لە ناو جەرگەی ئەوروپادا. وە هاوهەڵوێستی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە سەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لە رۆژئاوای كوردستان و نەیارێتیان لەگەڵ ئەو شێوە لە ژیانكردن، توركیای كردۆتە دڕندەیەكی هەوسار پچڕاو و سەڕەڕای سەپاندنی شەڕێكی زیاتر لە مانگێك بە سەر عەفریندا، بە هەموولایەكدا پەلامار دەدات، گرتنی ساڵح موسلیمیش درێژەی ئەو پەلامارانەیەو هەوڵێكیشە بۆ داپۆشینی ئەو شكستەی كە لە عەفرین تووشی توركیا بووە.

ئێمە وەك یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق، سەرەڕای ئیدانە كردنی ئەو كارە، سەلامەتی گیانی ساڵح موسلیم دەخەینە ئەستۆی حكومەتی چیك، وە پێویستە لە رێی خۆپیشاندان و فشارهێنان بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رێگری بكرێ لە رادەستكردنی بە توركیاو ئازاد كردنی لە كورتترین ماوەدا.

 

یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق

كۆمیتەی ناوەندی

25ی شوباتی 2018