www.commona.org  
 
یەكی ئایار، رۆژی هاوخەباتی چینی كرێكاری جیهانە!
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق

یەكی ئایار، رۆژی هاوخەباتی چینی كرێكاری جیهانە!

 

 یەكی ئایار، بۆ چینی كرێكار هەم پڕ ئازارەو هەم پڕە لە سەروەری، ئەم رۆژە تەنها یادکردنەوەی گیانبەختكردوانی ئایاری 1886 و رابەرانی لە سێدارەدراوی ئەو رۆژە خوێناوییە و خەبات و مانگرتن و خواستی شؤڕشگێڕانەی کرێکارانی شیکاگۆ نیە، بەڵکو گرنگی ئایارو قورسایی ئایار لەدوای ئەو بەروارەوە دەست پێدەکات و بەشوێن ئەو رووداوانەدا خەباتی چینایەتی كرێكاران پێی نایە قۆناغێکی ترو جگە لەوەی لە ناوەندەکانی كارو لە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیەكاندا، لە پێناو زیادکردنی کرێ و باشتركردنی هەلومەرجی ژیان و جێگاوشوێنی كار، رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ خاوەنکارو سەرمایەکان پەرەی سەند، لە هەمانکاتدا وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێر دژ بە سیستەمی سەرمایەداری هاتە مەیدانی خەباتی سیاسی و لەوە بەدواوە یەكی ئایار بووە بە كەڕنەڤاڵێكی گشتی خەباتی كرێكاران و دژبەرانی سەرمایەداری و  بووە بە رۆژێك بۆ هاتنەمەیدان و ناڕەزایەتی بەكۆمەڵ، هەر ئەمەش ئەو رۆژە لە خەباتی چینایەتی کرێکاران لە خەبات و نارەزایەتی رۆژانی تر جیا دەكاتەوە.

بێگومان ئەمساڵیش لە یەكی ئایاردا هەموو گۆشەیەكی ئەم جیهانە دەبێتە شانۆی نمایشی ئایارو زۆر جیگا دەبێتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی بەرینی كرێكاران، هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێكی دانەبڕاو لە جیهانی ژێر ستەمی سەرمایەداری ئەو یادە لە خۆ دەگرێ‌، بەڵام ئایاری ئەمساڵ کەوتۆتە ژێر سێبەری پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی " ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق"، و هەندێك هێزو لایەن وەك مینبەرێك بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆیان بەكاردێنن، لە كاتێكدا دەبێت ئەم رۆژە چینایەتیەی کرێکاران بکرێتە رۆژی رەتکردنەوەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی بۆرژوازی.

   هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆرژوازی بەهیچ شێوەیەک رێگایەك نییە بۆ باشکردنی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئاڵوگۆڕی ریشەیی لە ژیانی كۆمەڵگادا، ئەگەر لەهەندێک شوێنی دنیا هەندێک گۆڕانكاری و دەستکەوتی كەم لەم رێگایەوە بەدەست بێت‌، ئەوا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو ئەگەرەشی تێدا نییە و لەو توانایەش بەهرەمەند نییە، نە پەرلەمان و ئەنجومەنەكانی پێشوو جێگایەک بوون بۆ داكۆكی لە ماف و بەرژەوەندیەکانی كرێكاران و بێكاران و هەژاران و ستەم لێکراوانی كۆمەڵگاو نە ئەو هێزو لایەنانەش کە لە رکابەریدان هیچ لایەنگرییەکیان لە ماف و بەرژەوەندی ئەوان هەیە، ئەم هەڵبژاردنە وەك هەموو هەڵبژاردنەکانی پیشوو، بە تەواوی ململانێی نێوان ئەو هێزانەیە بۆ دەسەڵات، كە هەموو شتێكی ئەم وڵاتەیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشە لەسەرەكان، ئەگەرچی ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵك لە هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم زۆر هاتۆتە خوارەوە، بەڵام هێشتا كارتی كێشەی كورد لە پێناو راكێشانی سۆزی كورد زماناندا بەكاردەهێنرێت، لە كاتێكدا لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە هێزە كوردییەكان لە دەسەڵاتی ناوەندی عێراقداو لە هەموو ناوچە کێشە لەسەرەکان دەسەڵات و دەستکراوەیی زۆریان هەبووە، بەبێ ئەوەی بەکاریان هێنابێت بۆ بەرژەوەندی دانیشتوانی ئەو ناوچانەو چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی، بەپێچەوانەوە وەك بینرا نەك نەیانتوانی زۆر پرسی گرنگ یەك لابكەنەوە، بەڵكو بەچاونوقانێک هەموو ئەو ناوچانەیان چۆڵکرد و دانیشتوانەکەیان جێهێشت. بۆیە پێویستە خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش چیدی فریوی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانی بۆرژوازی نەخۆن و رێگا نەدەن دەنگەكانیان بكرێت بە پەیژەیەك بۆ سەركەوتنی كۆمەڵێك مفتەخۆر، وە بە بایكۆت وەڵامی ئەو گەمەیە بدەنەوە كە بە ژیان و ئایندەیان دەكرێ‌.

 وەك يەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق، وێڕای پیرۆزبایی لە تەواوی كرێكارانی جیهان و کوردستان بەبۆنەی یەکی ئایار رۆژی جیهانی کرێکارانەوە، جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە كرێكاران‌و خەڵکی زەحمەتکێش، کارمەندو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و توێژە چەوساوەکان، ریزی خۆیان لەو هێزانە جیاكەنەوە كە گەشەو مانەوەیان لەسەر سەرمایەو كاری بەكرێیە، وە ریزی چینایەتی خۆیان رێكخەن لە پێناو گەیشتن بە ژیانێكی شایستە و ئایندەیەك كە ئازادی و یەکسانی فەراهەم بێنێت.

 

پیرۆزبێت یەكی ئایار، سیمبولی خەباتی شۆڕشگێڕانە دژی سیستەمی سەرمایەداری

بژی سۆشیالیزم

 

یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق

٣٠ ئایاری ٢٠١٨