head
 
 
 

بیۆگرافی یەكێتی كۆمۆنیستەكان لەعێراق

یەكێتی كۆمۆنیستەكان لەعێراق (ی.ك.ع) رێكخراوێكی كۆمۆنیستیی ئەنتەرناسیونالیستە، ماركسیزم رێبازو جیهانبینیەكەیەتی، ئامانجی رووخان‌و نەهێشتنی نیزامی سەرمایەداری‌و دامەزراندنی كۆمەڵگای كۆمۆنیستیە، كۆمەڵگایەكی بێ‌چین‌و چەوسانەوە، ئازاد‌و یەكسان‌و خۆشگوزەران لەسەر بناغەی مڵكداریەتی گشتی هۆیەكانی بەرهەمهێنان‌و دابەشكردن.

(ی.ك.ع) بەشێكە لەبزووتنەوەی سۆشیالیستی‌و كۆمۆنیستی، بەشێكە لەخەبات‌و ململانێ‌ی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و چینایەتی بۆ رووخانی نیزامی كاپیتالیستی‌و كۆتایهینان بەقازانجپەرستی سەرمایەو كۆیلەتی كاری بەكرێ‌‌و لەناوبردنی مڵكایەتی تایبەتی بۆرژوازی. (ی.ك.ع) لەو باوەڕەدایە خەبات‌و تێكۆشانی چینی كرێكار، رێكخراوبوونی ئەو چینە لەشوراكان‌و كۆمۆنە‌و سەندیكاو یەكێتیەكاندا، وە رێكخراوبوونی لەپارت‌و رێكخراوە سیاسیە سۆشیالیستی‌و ماركسیەكاندا لەرێگای گەیشتن بەم ئامانجەدا رۆڵی سەرەكی دەگێرێت، وەهەروەها لەو باوەڕەدایە كەرووخانی ئەو نیزامە پێویستیەكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و مرۆیی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕۆیە‌و سەركەوتنی یەكجارەكی بەندە بەخەباتێكی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و چینایەتی سەرتاپاگیر كەرێكخراوە سیاسی‌و پارت‌و گرووپ‌و كۆمەڵە‌و لایەنە ئازادیخوازەكان تێكڕا بەشداری تیادا بكەن‌و هەماهەنگی‌و تۆڕی خەباتكارانەی پتەو لەنێوانیاندا پێكبهێنن.

(ی.ك.ع) بۆ ئەم ئامانجانە دروستبووەو دامەزراوە‌و مەیدانی عەمەلی‌و ڕاستەوخۆی هەڵسوڕانی لەعێراقدایە.

ئەم رێكخراوە لەعێراق لەساڵی 1998دا لەهەرێمی كوردستان دامەزرا، دامەزرێنەران‌و كادرانی ئەم رێكخراوە پێشتر هەڵسووڕاوانی رێكخراو و گروپە چەپ‌و ماركسیستە نهێنیەكان بوون كەلەماوەی ساڵەكانی 1985 بۆ 1990 لەكوردستانی عێراقدا سەریانهەڵدا، (لەدوای شكستی حزبی شیوعی عێراق‌و شكستی رێكخراوە چەپە ناسیونالیستە كوردیەكان كەبەناوی ماركسیزم‌و لینینیزمەوە كاریان دەكرد)، ئەم گرووپ‌و رێكخراوە سیاسی نهێنیكارانە لەژێر كاریگەری شۆڕشی ئێرانی ساڵی 1979 و حزبی كۆمۆنیستی ئێراندا بوون، وەك رێكخەر‌و هەڵسووڕاوی راپەڕین‌و بزووتنەوەی شورایی ساڵی 1991 لەدژی رژێمی بەعسی دیكتاتۆری هاتنەمەیدان، شوراكانی ئازار زۆربەی شار‌و شارۆچكەكانی كوردستانی عێراق‌و كەركوكی گرتەوەو وەك بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕانە رۆڵی بەرچاوی گێرا لەبەرەوپێشچوون‌و سەركەوتنی راپەڕینی خەڵكدا لەدژی بەعس‌و سەرەنجام ئازادكردنی هەرێمی كوردستان لەدەسەڵاتی ئەو رژێمە.

لەقۆناغی دوای بزووتنەوەی شوراكاندا زۆربەی كادرانی ئەم رێكخراوە بوون بەهەڵسووڕاوی رێكخراوە جەماوەرییەكانی كرێكاران، ژنان، كارمەندان‌و قوتابیان‌و بێكاران وەهەروەها ئەندام‌و كادری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق كەلەساڵی 1992 دا دامەزرا‌و لەساڵی 1995 بەدواوە ریزەكانی ئەو حزبەیان بەهۆی پەرەسەندنی ناكۆكیە سیاسی‌و رێكخراوەیی‌و دەروونیەكانەوە بەجێهێشت.

(ی.ك.ع) بەدەستپێشكەری ئەو كادرانەو زۆر كادرو هەڵسووڕاوی كۆمۆنیست كەبەم جوڵانەوە سیاسی‌و رێكخراوەییە نوێیەوە پەیوەستبوون راگەیەنرا‌و بوو بەهەنگاوێكی گرنگ بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی نەبوونی رێكخراوێكی ماركسیست‌و رادیكاڵ كەبەڕۆشنی بۆ یەكگرتووكردنی كۆمۆنیستەكان‌و بنیاتنانی پارتێكی كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لەعێراقدا تێبكۆشێت. هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە رۆژنامەیەكی بەناوی "پەیامی كۆمۆنیزم" بەزمانی كوردی‌و "بلاغ الشیوعیة" بەزمانی عەرەبی بڵاوكردەوە، نوسینگەی رۆژنامەكە لەشاری سلێمانی كرایەوە كەوەك بنكەی سیاسی رێكخراویش كەڵكی لێوەرگیرا. كۆمیتەیەكی لەدەرەوەی عێراق بەناوی "كۆمیتەی دەرەوە" دامەزراند كەبوو بەپاڵپشتی ئەم رێكخراوە لەبواری داراییی‌و لەبواری چالاكیە سیاسیەكانی دەرەوەی عێراقدا.. هەروەها لەمانگی نۆڤەمبەری هەمانساڵدا یەكەمین كۆنفرانسی خۆی بەست كەلەوێدا بەهەڵبژاردنێكی دیموكراتیك ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی رێكخراو هەڵبژێردران.. جگە لەو كۆنفرانسە (ی.ك.ع) سێ‌كۆنفرانسی تریشی بەستووە.

(ی.ك.ع) لەهەموو بۆنە كرێكاری‌و سۆسیالیستی‌و چینایەتییەكاندا وەكو یەكی ئایار، 8 مارس، یادی راپەڕین‌و شووراكانی ئازار لەزۆر شارو شارۆچكە مەراسیم‌و چالاكی جۆراوجۆری بەڕێوەبردووە، بەشێك بووە لەتەواوی ئەو چالاكی‌و ناڕەزایەتیە جەماوەرییانەی بۆ چاكسازی ئابووری‌و سیاسی‌و بۆ دەستەبەركردن‌و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانی وەك ئاوو كارەبا‌و سووتەمەنی‌و خزمەتگوزارییەكانیترو لەدژی گەندەڵی سیاسی‌و ئیداری بەڕێوەچوون، لەجەرگەی ئەو چالاكییانەدا بەتۆمەتی رێكخستنی خۆپیشاندانەكان‌و ناڕەزایەتیەكان رابەرایەتی‌و كادر‌و ئەندامانی چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەزیندان توندكراون، نمونەیەكی دیاری ئەمە شەپۆلی دەسگیركردنی بەشێك لەرابەرایەتی ئەم رێكخراوەبوو لەشاری سلێمانی لەساڵی 2006 دا.

(ی.ك.ع) لەبەشەكانی تری عێراقدا بەهۆی دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی بەعس لەكەركوك‌و لەشارەكانی تر ناچاربووە بەشێوەی نهێنی رێكخستنەكانی خۆی پێبكهێنێت‌و بڵاوكراوەی "بلاغ الشیوعیە" بەنهێنی بۆ ئەو شارانە بگوێزێتەوە. بەڵام لەدوای رووخانی رژێمی بەعس دەروازەی كاری ئاشكرا بەرووی رێكخراودا كرایەوە‌و پەیوەندیە سیاسی‌و رێكخراوەییەكان بەرەو زۆرێك لەشارەكانی تر پەلی هاویشت‌و لە هەردوو شاری كەركوك‌و بەغدا بارەگای رێكخراو دامەزرا. لەكۆنفرانسی چوارەمدا بڵاوكراوەی "پەیامی كۆمۆنیزم" بەهۆی سەندنەوەی مۆڵەتی دەرچوونی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەزمانی كوردی وەستێنرا‌و لەجێگەی ئەو رۆژنامەی "ئازادی" دەستی بەكاركرد‌و نزیك بە29 ژمارەی لێدەرچوو، هەروەها بۆ دەورەیەك بڵاوكراوەی "ئاڵا" ی دەركردو كە پێنج ژمارەی لێدەرچوو.

(ی.ك.ع) لەباری سیاسی‌و تاكتیكیەوە یەكێك لەخەسڵەتە سیاسی‌و تایبەتمەندیەكانی پێداگری بوو لەسەر خەسڵەتی ئەنتی ئەمریكی‌و ئەنتی رژێمی بەعس، هەر لەسەرەتاوە مەترسیەكانی تەدەخول‌و ملهوڕی ئەمریكای لەعێراق دەستنیشانكردو كەوتە كەمپینكردن بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە، چ بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق‌و چ بۆ كۆتایهێنان بەملهوری‌و تەدەخولی ئەمریكا لەعێراقدا، هەروەها دروشمی رووخانی رژیمی بەعسی دیكتاتۆری كرد بەیەكێك لەدروشمە سیاسیە سەرەكیەكانی خۆی لەڕێگەی راپەڕین‌و خۆپیشاندانی جەماوەریەوە نەك بەهۆی شەڕو تەدەخولی سەربازی ئەمریكاوە..

(ی.ك.ع) یەكەم رێكخراوی كۆمۆنیست بوو گرنگی‌و بایەخی رووداوەكانی سیاتڵی ساڵی 1998‌و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی جیهانی ئەنتی كاپیتالیستی (دژی سەرمایەداری) شیكردەوەو لەئەدەبیاتی سیاسی نوێ‌ی چەپی عێراقدا بایەخی پێداو بەچەندین ئەڵقەو ووتار لەڕێگەی بڵاوكراوەی "پەیامی كۆمۆنیزم" ەوە شیكردنەوەی سەبارەت بەسیاسەتەكانی لیبرالیزمی نوێ‌‌و "صندوقی دراوی نێودەوڵەتی"‌و "بانكی جیهانی" خستەڕوو، خۆی وەكو بەشێك لەبزووتنەوەی جیهانی دژی سەرمایەداری ناساندو بۆ بەهێزكردنی روانگەو رێگاچارەو پێگەی ئەو بزووتنەوەیە لەعێراقدا تێكۆشا.. لەمبارەیەوە نامیلكەیەكی بلاوكردەوە بەناوی "جیهانگیری، لیبرالیزمی نوێ‌‌و بزووتنەوەی دژی سەرمایەداری". هەروەها رێكخستنەكانی رێكخراو لەووڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت لەسویدو فنلندو كەنەدا‌و ئوسترالیا هەمیشە بەشێك بوون لەو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیانەی بۆ ئەم مەبەستانە رێكخراون. هەروەها خەسڵەتێكی سیاسی گرنگیتری (ی.ك.ع) پێداگری بوو لەسەر ناسنامەی "عێراقی بوون" لەبارودۆخێكدا كەشیرازەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی عێراق بەهۆی بارگرژی‌و دووبەرەكی قەومی‌و تائیفی‌و مەزهەبیەوە لەیەكترازابوو..

(ی.ك.ع) هەر لەسەرەتاوە خۆی دابڕی لەئەزموونی شكستخواردووی سكتاریزم‌و دۆگماتیزم، ئەو دیاردانەی پرۆتیستۆكرد‌و بۆ پێكهێنانی بەرەی هاوبەش‌و رێكخراوی سیاسی‌و ماركسیستی گەورەتر تێكۆشا، هەم لەسەر ئاستی كوردستان‌و هەم لەسەر ئاستی عێراق پڕۆژەی "كاری هاوبەش"ی چەپ‌و هاوپەیمانی چەپ‌و ماركسیستەكانی كردە بەشێك لەئەجیندای سیاسی خۆی‌و لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندی‌و هاوكاری‌و هاوخەباتی لەگەڵ زۆرێك لەلایەنە چەپ‌و ماركسیستەكان‌و كەسایەتیەكان پێكهێنا.

(ی.ك.ع) لەدوای 11 سێپتمبەر بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیەی كرد كە لەلایەن رێكخراوو گرووپە تیرۆریستیە ئیسلامیەكانەوە رێكخرابوو وەهاوخەمی‌و هاوخەباتی لەگەڵ خەڵكی ئەمریكادا نیشاندا، هاوكات دژایەتی سەرسەختی خۆی بۆ شەڕی ئەمریكا لەدژی ئەفغانستان دەربڕی، بەتوندی ئەو شەڕەی ئیدانەكردو وەكو بەشێك لەملهوڕی ئیمپریالیستی‌و سەپاندنی ئەجیندای لیبرالیزمی نوێ‌‌و كارنامەی خۆپارێزە نوێ‌یەكانی ئەمریكاو بەرنامەكانی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی‌و بانكی جیهانی وەسفكرد.. هاوكات خۆی بەبەشێك لە"بزووتنەوەی جیهانی دژی شەڕ"‌و دژی ملهوڕی ئیمپریالیستی ناساندو لەم پەیوەندەدا كتێبێكی بەناوی "جەنگ دژی تیرۆریزم‌و روانگەو ڕێگاچارەی كۆمۆنیستی" بڵاوكردەوە كەتیایدا هەم ئەو جەنگەو هەم كردەوەو هێرش‌و مانۆِری تیرۆریزمی ئیسلامیەكانی ئیدانەكرد‌و لەروانگەیەكی ماركسیستیەوە ئەو رووداوانەی شیكردەوەو پرۆتیستۆی كرد.

(ی.ك.ع) سەرەڕای ئەوەی دروشمی رووخانی رژێمی بەعسی دیكتاتۆری هەڵگرتبوو وەخوازیاری رووخان‌و نەمانی ئەو رژێمەبوو وە رێكخستنەكانی بەنهێنی بۆ ئەو مەبەستە كاریان دەكرد بەڵام هاوكات دژایەتی سەرسەختی خۆی بۆ شەڕی ئەمریكا لەدژی عێراق دەربڕی، خوازیاری راگرتن‌و وەستانی ئەو شەڕەبوو، وەكو هەنگاوێك بۆ لەباربردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵك‌و سەرەتای قۆناغێكی مەترسیدار لەژیانی خەڵكی عێراقدا ناوزەدكرد. وەهەروەها بەمەبەستی لێكگرێدانی هێزی چەپ لەئاڵوگۆڕەكانی عێراقدا‌و وەكو خۆئامادەكاری بۆ دژایەتی شەڕی ئەمریكا‌و دژ بەمانۆڕو ملهوڕیەكانی رژێمی بەعس (ی.ك.ع) دەستپێشكەرییكرد بۆ "كاری هاوبەشی چەپ"‌و كەلەلایەن هەندێك لایەن‌و كەسایەتی سیاسی چەپەوە پێشوازی لێكراو سەرەنجام بووە هۆی ئەوەی سەرەتا لەسلێمانی‌و دواتر لەهەردوو شاری كەركوك‌و بەغداد‌و هەندێك ناوچەیتر (راستەوخۆ دوای رووخانی بەعس) لیژنەی تایبەت بە "كاری هاوبەش" پێكبێت‌و رۆژنامەیەك بەناوی "كاری هاوبەش" بەزمانی عەرەبی 1 ژمارەو بەزمانی كوردی 10 ژمارەی لێدەربچێت

(ی.ك.ع) لەسەرەتای ساڵی 2003دا‌و دوای روخانی رژێمی بەعس نوسینگەو بارەگای لەشاری كەركوك‌و بەغداد كردەوەو كاری ئاشكرای لەو شارانەدا دەستپێكرد. جیلێك لەكۆمۆنیستەكانی بەغدادو شارەكانی تر كەلەحزبی شیوعی عێراق‌و قیادەی مەركەزی جیاببوونەوە پەیوەستبوون بە (ی.ك.ع)ەوەو رێكخستنی نوێ‌یان پێكهێنا‌و دواتریش لەكۆنفرانسی چوارەمدا كادرە سەرەكیەكانیان بەهەڵبژاردن بوون بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و بەمجۆرە ئەم رێكخراوە بوو بەرێكخراوێكی كۆمۆنیست‌و رادیكاڵا كەلەسەرتاسەری عێراقدا خاوەنی یەك پەیكەری رێكخراوەیی‌و یەك رابەرایەتی بێت..

(ی.ك.ع) دوای رووخانی رژێمی بەعس كەئاواتێكی لەمێژینەی كرێكاران‌و گشت خەڵكی عێراق بوو، رایگەیاند "بەعسیزم" بەلاچوونی صدام حسین‌و دەست‌وپێوەندەكانی لەناونەچووە، پێویستە دژایەتی بەعسیزم بكرێت وەكو نیزامێكی سیاسی گشتگیرو كلتورێكی سیاسی زاڵ لەعێراقدا، لەم پەیوەندەدا خوازیاربوو كە: سەرانی بەعس، ئەوانەی رەمزی سەركوت‌و چەوسانەوەی خەڵك بوون، لەدادگایەكی ئاشكرای عێراقیدا دادگایی بكرێن، ئەوانەی پلەو پایەی سەرەكیان هەبووە لەحزب‌و سوپا‌و دەزگاكانی حكومەتدا دووربخرێنەوە لەئیمتیازات‌و پلەو پایەكانیان، دام‌و دەزگا ئەمنی‌و سیخوڕیەكان كەمیراتی بەعسیزم بوون رێگا لەپیكهینانەوەیان بگیرێت. ئەو یاسایانەی خزمەتی كردووە بەقایمكردنی پایەكانی بەعسیزم هەڵبوەشێتەوە، پێكیهنانی حزب‌و كۆمەڵەی سیاسی لەسەر بنەمای شۆفێنیزمی قەومی قەدەغەبكرێت. وە ...الخ

(ی.ك.ع) لەپەیوەند بەداگیركاری ئەمریكاوە بۆ عێراق رایگەیاند كەوەكو چۆن ئیدانەی شەڕی ئەمریكای كردووە لەعێراق بەهەمان شێوە ئیدانەی داگیركاریش دەكات، رووخاندنی رژێمی بەعس، لەڕوانگەی ئەمریكاوە ئەڵقەی یەكەمی زنجیرە سیاسەتێك بوو بۆ داگیركردنی عێراق‌و داسەپاندنی باڵادەستی خۆی لەدنیادا، كرێكاران‌و خەڵكی مەحرومی عێراق هیچ بەرژوەندیەكیان لەداگیركاریدا نیە، مافی رەوای خەڵكی عێراقە خوازیاری چوونەدەرەوەی ئەمریكا بێ‌‌و دژی داگیركاری هەموو رێگایەكی مەدەنی‌و سیاسی هەڵبژێرێت‌و بۆ ئەم مەبەستەش پشت بەهاوخەباتی هێزە چەپ‌و ئازادیخوازەكانی دنیا ببەستێت.

(ی.ك.ع) لەپەیوەند بەو هێزە سیاسیانەوە كەلەژێر چەتری ئەمریكادا كۆبوونەوەو بەهاوكاری ئەمریكا دەسەڵاتی سیاسی عێراقی نوێ‌یان بەدەستەوەگرت بەتوندی كەوتە دژایەتی ئەجیندا سیاسیەكانیان بۆ هاوكاری‌و دەسگیرۆیی ئەمریكا، دژی خەسڵەتی مەزهەبی‌و تائیفی‌و قەومی‌و شۆفێنی ئەو هێزانە وەستایەوە، خوازیاربوو لەبری ئەو حكومەتە مەزهەبی‌و تائیفیەی بەچاودێری ئەمریكا دامەزراوە حكومەتێكی مەدەنی‌و علمانی‌و دیموكراتیك دابمەزرێت كەپشت بەئیرادەو دەنگدانی راستەوخۆی خەڵك ببەستێت، دەستوورێك دابڕێژرێت كەمافی هاووڵاتیبوونی یەكسان، ئازادیەكان، یەكسانی ژن‌و پیاو، مافی نەتەوەكان، بەرەسمی بناسێت، ئاین لەدەوڵەت‌و لەپەروەدەو فێركردن جیابكاتەوە، سیستمی نامەركەزی‌و فیدرالی لەرێكخستنی سیاسی‌و ئیداری خۆیدا پەیرەوبكات.

لەبەرئەوەی رەشنوسی دەستوری عێراق بوو بەدەستورێكی تائیفی‌و مەزهەبی‌و قەومی بەچاوساغی ئەمریكا (ی.ك.ع) داوای لەخەڵكی عێراق كرد لەریفراندۆمی دەستوردا دەنگ بەو دەستوورە نەدەن چونكە سەرەنجام نەخشەی سیاسی عێراق لەسەر بنەمایەكی تائیفی‌و قەومی‌و دژایەتی نێوان ئەو بەشانە ساغدەكاتەوەو شەڕی ناوخۆی لێدەكەوێتەوە..پێشبینیەكەش راستدەرچوو..

هاوكات بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانیەی كرد كەبەپێ‌ی هەمان رێبازو سیستم لەساڵی 2005دا بەرێوەچوو.

لەكاتێكدا دوای رووخانی رژیمی بەعس، عێراق بووە بەمەیدانێك بۆ پەرەسەندنی تیرۆریزم، وەكو ئاكامی تەدەخول‌و شەڕی ئیمپریالیستی ئەمریكاو بەرەنجامی بەرگری ناسیونالیزمی عەرەب‌و بزووتنەوە ئیسلامیەكان (ی.ك.ع) دژایەتی خۆی بۆ تیرۆریزم راگەیاند، چ ئەوانەی بەبیانووی دژایەتی ئەمریكاوە لەدژی خەڵكی بێ‌دیفاع‌و مەحرومی عێراق ئەنجامدەدرێت چ ئەوانەی ئەمریكا بەناوی دژایەتی تیرۆریزمەوە پێ‌یهەڵدەستێ‌، وە خوازیاری هەڵوەشانەوەی میللیشیا چەكدارەكان‌و كشانەوەی ئەمریكا‌و كۆتایهینان بەداگیركاری بوو.

(ی.ك.ع) لەخەبات‌و تێكۆشانی چینی كریكاردا رایگەیاندووە عێراق كۆمەڵكایەگی هاوچەرخی چینایەتییە، كرێكاران بەشێكی بەرچاوی كۆمەڵگای عێراق پێكدەهێنن‌و بەرهەمهێنان‌و كاری كۆمەڵگا بەهۆی رەنج‌و ماندووبوونی ئەوانەوە هەڵدەسووڕێ‌. بەڵام بەشێكی زۆركەم لەداهاتی كۆمەڵیان پێدەبڕێت‌و لەكرێ‌ی گونجاو و بیمە كۆمەڵایەتیەكان‌و ماف‌و داخوازیەكانی بێبەشكراوەو چەوسانەوەی توندی بەسەردا سەپاوە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە جگە لەباسە ماركسیستیەكان سەبارەت بەچینی كرێكارو رۆڵی ئەو لەخەبات دژی سەرمایەداریدا خوازیاربووە ئازادی رێكخرابوون‌و مانگرتن وەكو مافی سەرەكی چینی كرێكار لەعێراقی نوێدا بەرەسمی بناسرێت..

كاتێك هێزە داگیركەرەكانی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر بارەگای سەرەكی نەقابە كرێكاریەكانی عێراق بەتوندی ئەو هێرشەی پرۆتیستۆ كرد، هەروەها لەدژی یاساو بڕیارەكانی وەزیری نەوتی عێراق وەستایەوە كەلەدژی كرێكارانی نەوت‌و سەندیكاو مانگرتنەكانیان لەو كەرتەدا بەمەبەستی سەركوت‌و بێدەنگ كردنیان دەریكردبوو. هاوكات پەردەی لەسەر ئەو پلان‌و بەرنامانە هەڵدایەوە كەجەوهەرێكی لیبرالیستی نوێ‌ی هەیە لەدژی كرێكاران‌و ئامانج لێی پەرەدانە بەبازاڕی ئازادو خسوسیكردنەوەی زۆربەی كارگەو دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و بەرێخستنی شەپۆلێك لەبیكارسازی بوو.

هەروەها بەمەبەستی بەرگرتن بەدووبەرەكی‌و كێشەی قەومی‌و تائیفی‌و رەگەزی‌و مەزهەبی لەریزەكانی چینی كرێكاردا خەبات كردووە تا هەڵسوراوانی سۆشیالیستی‌و كریكاری یەكێتی ریزەكانی چینی كریكار بپارێزن‌و نەقابە‌و ریكخراوەكانیان بەدوور لەو جیاوازیانە پێكبهێنن. لەم پەیوەندەشدا ئەم رێكخراوە تووشی مەترسی زۆربۆتەوەو تەنانەت قوربانیشی داوە، لەساڵی هاوڕێ‌ انصار عبدالامیر مهدی وەكو بەرپرسی ئەندازیارانی كارەبای دیالە لەلایەن تیرۆریستانەوە لەسەر كارو هەڵسووڕانی تیرۆركرا...

بەبەشداری راستەوخۆی (ی.ك.ع) لەهەرێمی كوردستاندا لەناوەڕاستی مانگی 9ی ساڵی2005دا  "دەستەی داكۆكی لەداخوازییەكانی خەڵك" سەرەتا لەسلێمانی‌و دواتر لەهەموو شارەكان‌و زۆربەی شارۆچكەكانی كوردستان پێكهات‌و تا كۆتایی ساڵی 2007 بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا جگە لەچەندین كۆبوونەوەی فراوانی نوێنەرایەتی دەستەی شاروشارۆچكەكان بۆ سەراسەری كردنەوەی ناوەندەكانی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیە، دەیان كۆبوونەوە‌و خۆپیشاندانی جەماوەری بەهۆی دەستپێشكەری ئەو دەستانەوە بەرێوەچوون‌و بەنوێنەرایەتی ئەو ناڕەزایەتیانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوە‌و حكومەتی هەرێمیان ناچار بەپاشەكشە‌و هەندێك چاكسازی كرد، وە لەسەر هەموو رووداوەكان بەیاننامە‌و راگەیاندن‌و رۆشنگەرییان پێشكەشكردووە.

لەدوای تەقینەوەی شۆڕشەكانی ووڵاتانی عەرەبی وكاریگەریەكانی لەسەر ناوچەكەو عێراق‌و كوردستان، (ی.ك.ع) وەكو لایەنێكی سیاسی چەپ هەر لەسەرەتاوە لەرێپێوانەكان‌و خۆپیشاندانەكانی پێش 17 شوبات بەشداریكردووەو رابەرانی رێكخراو لەخۆپیشاندان‌و گردبوونەوەی جەماوەریەكاندا ووتاریان پێشكەش كردووە، دوای رووداوەكانی 17 شوبات وەكو لایەنێكی هەڵسوڕاوی چەپ لەپەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان‌و پوختەكردنی داخوازیەكان‌و گەڵالەكردنی وەهەروەها لەپێكهێنانی ئەنجوومەنی سەرای ئازادی‌و خۆپیشاندان‌و خرۆشانە جەماوەریەكانی دواتردا بەشێوەیەكی لێبڕاو بەشداریكردووەو رابەران‌و كادرانی بەو هۆیەوە تووشی پەلاماردان‌و مەترسی زۆر بوونەتەوە..

هەروەها لەباقی شارەكانی عێراقدا لەزۆربەی خۆپیشاندانەكاندا بۆ داخوازیەكانی خەڵك بەشداریكردووەو وەیان پشتیوانی خۆی بۆی راگەیاندووە.. بەتایبەتی بەشێكی سەرەكی ئەو خۆپیشاندان‌و مانگرتنانەبوو كەدژی چوونەسەری نرخی سووتەمەنیەكان (بەنزین‌و نەوت‌و گاز) رێكخران‌و بەرۆشنی ئەوەی دەسنیشانكرد كەسیاسەتی هەڵگرتنی پشتیوانی دەوڵەت لەسەر نرخی سووتەمەنیەكان‌و كەرتە خزمەتگوزاریەكان لەچەشنی كارەباو تەندروستی سیاسەت‌و مەرجەكانی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی‌و بانكی جیهانیەو وەكو مەرجێك بۆ خۆشبون لەقەرزەكانی عێراق بەسەر  خەڵكی عێراقدا دەیسەپێنن..

لەدوای بەهاری عەرەبی بەشێك بووە لەبەرەوپێشبردن‌و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەكانی مەیدانی ئازادی بەغدادو شارەكانی ترو بەشداربووە لەپەرەسەندن‌و بەرەوپێشبردنیدا.

لەسەرەتای ساڵی 2008 وەكو پێویستیەكی سیاسی‌و بۆ زاڵبوون بەسەر جیاوازیەكان‌و پەراگەندەیی بزووتنەوەی كۆمۆنیستی‌و چەپی كوردستان، زنجیرەیەك كۆبوونەوە‌و كارو هەڵسوڕانی سیاسی‌و جەماوەری هاوبەش بەرێوەچوو، بۆ بەدیهێَنانی "یەكێتی چەپی كوردستان" وەكو هەنگاوێكی گرنگ بەمەبەستی فەراهەمكردنی پێویستیەكان‌و زەمینەكانی دامەزراندنی حزبێكی یەكگرتووی بنكەفراوانی چەپ لەدەوری یەك پلاتفۆرمی سیاسی هاوبەش كەسەرەكیترین ستراتیژی سیاسی‌و داخوازی سیاسی پایەیی لەخۆبگرێت.. یەكەمین راگەیاندنی یەكێتی چەپ وەكو پلاتفۆرمێكی سیاسی هاوبەش ئەم خاڵە سەرەكیانەی لەخۆگرتبوو: دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازاد‌و دادپەروەر‌و خۆشگوزەران‌و بێ‌ چەوسانەوە" چارەسەری كێشەی كورد لەسەر بنەمای مافی دیاریكردنی چارەنوس تائاستی جیابوونەوە‌و پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی‌و دیموكراتی‌و عیلمانی لەكوردستان لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوونی یەكسان، نەهێشتنی كێشەی گەندەڵی سیاسی‌و ئیداری‌و ئابووری، دابینكردنی ئازادیە سیاسی‌و مەدەنیەكان، ئازادی بیروڕا، رۆژنامەگەری، رێكخراوبوون، خۆپیشاندان‌و مانگرتن، دامەزراندنی سیستمێكی ئابووری لەسەر بنەمای دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و پەرەدان بەخاوەندارێتی گشتی‌و دەخالەتی دەوڵەت لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابووریدا، باشكردنی ژیان‌و گوزەرانی چین‌و توێژەكانی خوارەوە، دیاریكردنی لانیكەمی كرێ‌‌و موچە بەپێی پێویستیەكانی ژیان، دابینكردنی كار یان بیمەی بێكاری بۆ هەمووكەسێكی ئامادە بەكار‌و سپاردنی بەرپرسیارێتی ئابووری مناڵا‌و پیر‌و پەككەوتەكان بەدەوڵەت، بەرگری لەژیان‌و مافەكانی چینی كرێكار، خەبات بۆ یاساكارێكی پێشكەوتوو كەماف‌و داخوازیەكانی كرێكاران لەخۆبگرێت، بەرگری لەمافی یەكسانی هەمەلایەنەی ژن‌و پیاو ‌و نەهێشتنی ستەم لەسەر ژنان لەیاساكان‌و لەژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئابووریدا.

لەشاری بەغدادو باقی شارەكانی تر (ی.ك.ع) چووە ناو چەندین پڕۆژەی كاری هاوبەشی چەپەوە لەگەڵ كەسایەتی‌و لایەنەكانی تردا..

 (ی.ك.ع) لەپەیوەند بەمەسەلەی ژنانەوە كەوەكو یەكێك لەپرسە گرنگەكانی خەڵكی عێراق لەدوای باڵادەستبوونی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەكان هاتەئاراوە هاوكات لەگەڵا تیژكردنەوەی رەخنەی سۆشیالیستی لەنیزامی سەرمایەداری‌و كۆیلەیەتی ژنان خوازیاری دامەزراندنی حكومەتێكی مەدەنی‌و عیلمانی بوو وەكو هەنگاوێكی دیموكراتیك بۆ یەكسانی هەمەلایەنەی ژن‌و پیاو، وەهەڵوەشانەوەی ئەو یاسایانەی دژی ماف‌و ئازادیەكانی ژنان كاریان پێكراوە بەتایبەتی یاسای باری كەسێتی‌و كاركردن بەرێككەوتننامەی "سیداو" لەبواری مافەكانی ژناندا، یەكسانی ژنان‌و پیاوان لەیاساو دەستووری عێراقدا، دژایەتی توندوتیژی بەرانبەریان، هەڵوەشانەوەی بڕیاری 137 ی ئەنجومەنی حوكم كەتیایدا هێزە ئیسلامیەكان لەدژی ژنان دەریان كردبوو. بەكردەوەش (ی.ك.ع) لەزۆربەی ئەو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیانەدا بەشداربووە كەژنان‌و رێكخراوەكانیان لەدژی بێمافی‌و ستەم‌و چەوسانەوە بەرێ‌یان خستووە چ لەكوردستاندا‌و چ لەبەشەكانی تری عێراقدا. (ی.ك.ع) ساڵانەو بەشێوەیەكی بەردەوام مەراسیمی 8 مارسی رێكخستووە بەبەشداری ژمارەیەكی زۆری ژنان‌و خەڵكی ئازادیخواز...

(ی.ك.ع) لەپەیوەند بەكێشەی نەتەوایەتیەوە لەعێراق خوازیاری چارەسەری رەوای مەسەلەی كورد بوو، لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنوسین‌و بەرەسمی ناسینی مافی خەڵكی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆیان. كەئەمەش لەم بارودۆخەی عێراقدا واتە: دانپێدانان بەمافی دیاریكردنی چارەنوس بۆ خەڵكی كوردستان تاكو خۆیان بڕیاربدەن لەچوارچێوەی عێراقدا دەمێننەوە یان دەوڵەتی سەربەخۆ پێكدەهێنن.ئەم مافە لەلایەن ئەمریكاوە بەتوندی دژایەتی دەكرێ‌‌و هەم هێزەكانی تریش خۆیان لەقەرەی نادەن. رێگاچارەی فیدرالی كەئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی لەم بارودۆخەدا بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە پێشنیاریان كردووە نەیتوانیوە چوارچێوەیەكی سیاسی‌و دەستوری گونجاو بێ‌ بەتایبەت لەكاتێكدا كەحكومەتی ناوەندی حكومەتێكی دیموكراسی‌و علمانی‌و مەدەنی نیە‌و پشتی بەدەستورێك بەستووە كەدەوڵەت‌و نیزامی سیاسی بەنەتەوەیی‌و ئاینی پێناسە ئەكات. هەروەها خوازیاربووە كە یەكسانی هەموو نەتەوەكان لەبواری سیاسی‌و یاسایی‌و هەموو بوارەكانی تردا بەرەسمی بناسرێت‌و هەڵاواردن نەمێنێت. وە ئاسەوارەكانی چەوسانەوەی نەتەوەیی (ئەنفال‌و تەعریب‌و راگواستن‌و ...تاد) سارێژبكرێن. بۆ (كێشەی كەركوك)یش خوازیاربوو كەئەو شارە بكرێت بە (پارێزگایەكی فیدرالی سەربەخۆ) بۆ ماوەیەكی كاتی‌و ئیدارەی شارەكە بدرێتە دەست خەلكی ئەو شارە خۆی تاكو لەدەستێوەردانی حكومەتی ناوەندی بەغدادو سیاسەتی پاوانخوازانەی پارتی‌و یەكێتی نیشتمانی لەوشارەدا بەدووربێ‌.

هەروەها یەكێتی كۆمۆنیستەكان پشتیوان‌و لایەنگری خەبات‌و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان لەووڵاتانی توركیاو سوریاو ئێران بووە بەخەباتێكی رەوا‌و ئازادیخوازانەی دەزانێت‌و خوازیاری ئەوەیە مافە رەواكانی میللەتی كورد لەو وڵاتانە بەشێوەی ئاشتی‌و دیموكراتیانە‌و دوور لەخوێنڕشتن چارەسەر بێت‌و لەو چوارچێوەیەشدا بەدژی سەركوتی حكومەتەكانی توركیا‌و ئێران‌و سوریا هەڵویستی خۆی راشكاوانە دەربڕیوە‌و لەراگەیاندنەكان‌و نامەی ناڕەزایەتیەكاندا ستەمكاری‌و هەڵوێستی نادیموكراتی‌و دژی ئینسانی ئەو دەوڵەتانەی پرۆتیستۆكردووە لەچەندین چالاكی جەماوەری تایبەت بەم مەسەلانەدا بەشداری كردووە‌و پشتیوانی لەچالاكی‌و هەڵوێستی ئازادیخوازانەی حیزبە خەباتكارەكانی ئەو وڵاتانە كردووە.

بەتایبەتی بەدژی دەستگیركردنی عبدللە ئۆجالان، لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكەو دانیشتوانی كوردی توركیا، دژی تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی دەرهەق بەكوردەكانی ئێران‌و ئیعدامی خەباتكارانی سیاسی و...تاد راگەیاندن‌و خۆپیشاندانی بووە‌و سنووربەزاندنی ئەو دووحكومەتەی بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان شەرمەزار كردووە‌و دژی وەستاوەتەوە.

 (ی.ك.ع) پەیوەندیەكانی بەرێكخراوە چەپ‌و سۆشیالیست‌و ناوەندە كرێكاری‌و سەندیكاییەكانی دنیاوە پەرەیسەندووە، لەم پەیوەندەدا وەفدەكانی رێكخراو لەناوەوەو دەرەوەی ووڵات بەشداریانكردووە لەچەندین كۆبوونەوەی پارت‌و لایەنە سیاسیەكان‌و وەیان گردبوونەوە جیهانیەكانی تردا.. لەشوباتی 2011دا بەشداریكرد لەكۆنگرەی پارتی دژی سەرمایەداری فەرەنسا (NPA)، هەروەها پەیوەندی سیاسیی دۆستانەی لەگەڵا سكرتاریەتی "نێونەتەوەیی چوارەم" دامەزراند، وەبەشداریكردووە لەكۆنگرەی مەرسیلیا بەبەشداری پارت‌و رێكخراوە چەپەكانی حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست، "خێمەكانی لاوان" و "زانكۆی هاوینە"ی پارتی دژی سەرمایەداری فەرەنسا، وەهەروەها لەنوێترین پەیوەندیدایە  بەپارت‌و لایەنە چەپەكانی لوبنان‌و میسرو تونس‌و مەغرب‌و سوریا و لەم پەیوەندەدا بەشداریكردووە لەهاوكاری رۆژنامەیەكی هاوبەشی چەپ لەسەر ئاستی دنیای عەرەبی بەناوی "الثورة الدائمة" كەیەكەمین ژمارەی لە23 كانونی دووەمی 2012دا دەرچووە.

 

 

یەكێتی كۆمۆنیستەكان لەعێراق

شوباتی 2012

 
 

 

 

 

commona

عەلی مەولود

ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام نەدرایە ئەم دۆخەی ئێستا پێکدەهات؟

عەلی مەولود

ریفریودان

له‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ئازادیخواز و ڕادیكاڵه‌وه‌

په‌یامێك دژ به‌ جه‌نگ

یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق

ڕاگەیاندنی ووتەبێژی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق سەبارەت بە رەوشی ئەمڕۆی پارێزگای کەرکوک

عەلی مەولود

یـــــاریەکانی پارتی
راگەیاندنەکان
ڕاگەیاندنی ووتەبێژی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق سەبارەت بە رەوشی ئەمڕۆی پارێزگای کەرکوک 
یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق
بایکۆتی ڕیفراندۆم هەنگاوێکە بۆ سەربەخۆیی 
یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق
ڕاگەیاندنی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق سەبارەت بەپرسی ڕیفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا  
یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق
یەكی ئایار رۆژی خەباتی كرێكارانە دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و خەبات بۆ کۆمەڵگایەکی ئەلتەرناتیڤ 
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق
هێرش بۆ سەر ناوچەی شەنگال هێرشە بۆسەر ئازادی 
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق - كۆمیتەی هەرێمی كوردستان
بەڵگەنامەکان
بنەما رێكخراوەییەكانی یەكێتی كۆمۆنیستەكان لەعیراق 
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لەعێراق
 commona
 
 

info@commona.org - commonasite@gmail.com

سەرجەم مافەكانی ئەم سایتە پارێزراون