head
 
 
 
یـــــاریەکانی پارتی    
عەلی مەولود
2017-10-15
 

یـــــاریەکانی پارتی

عەلی مەولود

تا ئەو جێیەی بە ناوخۆی کوردستان دەگەڕێتەوە، ریفراندۆمی رەحمەتی، پارتی ئەندازیارو بەڕێوەبەر، سیناریست و دەرهێنەری بوو، ئەوانی دیکە فەرمانبەرو ئەکتەر بوون، هاوکێشەکان و پێشهاتە نوێیەکان پێیان وتین ئەگەر رێگایەک نەبینرێتەوە بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتە حیزبی و بنەماڵەییانەی لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بەدەستیان هێناوە، لە دۆخی دوای داعش پارتی و بەرەی پارتی هەم لەرووی ئابووری و هەم لە بواری دەسەڵاتدا زەرەرمەند دەبن و ناوچەی نفوزی نوێ و سەرچاوەی داهاتی ئەو ناوچانەیان لێ وەردەگیرێتەوەو دوور نیە لە جێگەو پێگەی پێشووشیان بەرەوخوار بێن و بە ئاگری شکستی داعشەوە بسوتێن.

 

پارتی چارەنووسی خۆی بۆ شانس جێنەهێشت و دەستپێشخەری کرد لە پێشخستنی رووداوەکان، ریفراندۆم و کارتی نەتەوایەتی بەستەرێکی گرنگ بوون پارتی لە قوناغی یەکەمدا کەڵکی لێوەرگرتن، هەم نەیارەکانی پێ ئیسارە کردو هەم هێزی ناوخۆی پێهەڵخراند، ترسی جوداخوازی خستە دڵی دەسەڵاتی ناوەندو بیرۆکەی خۆی بەسەر زۆرینەی حیزبە بۆرژوازیەکانی کوردستاندا ساغ کردەوە، بەجۆرێک کە ئەوانەی لەگەڵیشی نەبوون لە بابەتی گۆڕان و کۆمەڵ، نەیانتوانی بەربەرەکانێی بکەن.

 

پارتی بۆ مەرامەکانی خۆی هەلومەرجێکی جۆشدا کە رووداوی نوێی خوڵقاند، رووداوگەلێک کە پێشوەخت لەدایک بوون و لە قەبارەی خۆیان گەرەتر هاتن، بەوەش رێڕەوی هاوکێشەکانی پێشووی گۆڕی، پارتی لە جیاتی ئەوەی ببێتە نێچیری رووداوەکانی داهاتوو، بوو بە خاوەن تەڵە، لە هەرێم حیزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان بە ئاسانی بوون بە تەڵەکەیەوە، ئێستا ئیتر خەرکی تەقاندنی " تەڵە" یە لە ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتیش لە کەرکوک و دەورو بەری.

 

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت پەردەی دووەمی سیناریۆکەیە، ریفراندۆم خێری خۆی دایەوەو نرایە سەر رەفە، ئیتر "دان" و "ستان" دەبێتە بەستەری سەرەکی، بەر لەوەی جەنگێک روویدابێت شەیپووری جەنگ لێدەدرێت، هەستی شۆڤێنی و ناسیونالیستی هەردوو بەرەی ململانێکە دەجوڵێنرێت، لەچەند لاوە ئاگری شەڕ خۆشدەکرێت، ئامانجیش لێی توند بوونەوەی ئاڵۆزیەکان و گەیاندنی ناکۆکیەکانە بە توندپێچ، تاکو زەمینەی وتووێژو بە قەولی خۆیان ئەو دیالۆگە بنیاتنەرانە بەدیبێت کە هەموو رۆژێ بەچەندین زمان داوای دەکەن و بۆ هەر سوکە مەرحەبایەک قاچ جووت دەکەن و دەست دەخەنە سەرچاو.

 

شتێکی جێگای سەرنج کە نیشانی دەدات ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لەعێراق نەبووە، ئەوەیە کە پارتی ئامادە نەبوو بۆ ماوەی یەک ساڵ ریفراندۆم دوا بخات لەکاتێکدا بە پێی نامەی وەزیری دەرەوە، ئەمریکا گرەنتی ریفراندۆم و پشتیوانی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی بە راشکاوی کردووە، لە حاڵی پابەند نەبوونی دەوڵەتی عێراق بە مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام لەبەرامبەر وتووێژێکی نارۆشن و پڕ مەرجداو لەحاڵێکدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم، دەوڵەتی عێراق بەراشکاوی رایدەگەیەنێت کە مل بە هیچ ئیلتزامێک نادات، بەچەقەنەیەک دوو ساڵ ئەنجامی ریفراندۆمی سڕکرووە. ئەبێت پەڵنەری پشت ئەو دوو هەڵوێستە جیاوازە چیبێت کە بەدڵنیاییەوە تەنانەت بە پێوانەی خۆشیان نیشتمانی و نەتەوەیی نیە.

 

کەوایە پارتی لەو گەمەی دیالۆگ و دان و ستانە چی دەستدەکەوێت و چی دەبەخشێت؟ ئەو لەبەرامبەر مانەوەی خۆی و پاراستنی هەژموونی و دەسەڵات و دەسکەوتەکانیدا، وەکچۆن شەنگالی دەرخواردی داعش دا، دەخوازێت کەرکوکیش دەرخواردی ناوەند بدات و رێککەوتنی داهاتوو لەسەر ئەوە بنیان بنێت، دەیەوێت بە بەردێک دوو نیشان بشکێنێت؛ کەرکوک کە هەرگیز نابێت بە هی ئەو، دەیکات بە بارمتە و پارسەنگی دەسکەوت و ئامانجی خۆی و حکومەتی ناوەندیش بە وەرگرتنەوەی کەرکوک رازی دەکات، بەڵام ئەوە لە دانیشتنی سەر مێز ناکات، بەڵکو لە هەراو زەنایەکی جەنگیدا دەیباتە پێش، تا دەسکەوتەکانی خۆی وەک دەسکەوت بە خەڵک بفرۆشێتەوە، لەم نێوەدا یەکێتی نیشتمانی ئەگەر ستراتیژی خۆی لە پارتی جیانەکاتەوە شانەکەی لەسەردا دەشکێ و بە پێچەوانەشەوە دەبێتە یەکەم رێگر لەبەردەم ئەو نەخشەیەدا.

 

ئەو شەڕە کە بانگەشەی بۆ دەکرێت و زەمینەی بۆ سازدەکرێت، شەڕی خەڵک نیە و لە پێناوی خەڵکیشدا نیە، لەهەردوولاوە شەڕی دەسەڵاتدارانی ستەمکارو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانە لەپێناوی بیرە نەوتەکان و داهات و دەسەڵاتی خۆیان، ئەو شەڕە بەهەر بارێکدا بکەوێت بەدژی خەڵکە، شەڕی خەڵک لەبەرامبەر ئەم دەسەڵات و بنەماڵانە دایە، خەڵکی هەژارو زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان هیچ بەرژەوەندیەکیان لە دوژمنایەتی و کوشتنی یەکتردا نیە، بەرژەوەندییان لە دوژمنایەتی و کش مەلیکی حاکمان و بەڕێوەبەرانی هەرێمەکەی خۆیاندایە.

 

 

 
نوسخەی ئامادە بۆ چاپ  
 
سەرنجەكان
   

[1] [2] [3]

  سەرنجێك بنووسە...
ناو: پێویستە ناوێك بنوسیت
ئیمێڵ پێویستە ئێمێڵ بنوسیتئیمێڵەكە بە دروستی بنوسە
سەرنج:  هیچ سەرنجێك نەنوسراوە-
 
 
  باشتر وایە سەرنجەکەت بە یونیکورد بنوسیت... دەتوانیت لێرەدا ئەو کارە بە ئاسانی بکەیت
رۆشنگەری  
دواین بابەتەكان
ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام نەدرایە ئەم دۆخەی ئێستا پێکدەهات؟
عەلی مەولود
ریفریودان
عەلی مەولود
په‌یامێك دژ به‌ جه‌نگ
له‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ئازادیخواز و ڕادیكاڵه‌وه‌
ڕاگەیاندنی ووتەبێژی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق سەبارەت بە رەوشی ئەمڕۆی پارێزگای کەرکوک
یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق
یـــــاریەکانی پارتی
عەلی مەولود
نا بۆ شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران، بەڵێ بۆ ئاشتی،ئازادی و دادپەروەری
ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
جارێکی تر پێویستیمان بە لینینە
عەلی مەولود
هەڵوێستیی تەڤگەری ئازادیی لەمەڕ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌
ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
بایکۆت ، رووداوێکی سیاسی بوو !
عەلی مەولود
ریفراندۆم و ئەنجومەنی ئاسایش!
نزار عبداللە

 

 commona
 
 

info@commona.org - commonasite@gmail.com

سەرجەم مافەكانی ئەم سایتە پارێزراون