head
 
 
 
ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام نەدرایە ئەم دۆخەی ئێستا پێکدەهات؟    
عەلی مەولود
2017-11-08
 

ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام نەدرایە ئەم دۆخەی ئێستا پێکدەهات؟

عەلی مەولود

زۆربەی ئەوانەی لایەنگری ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون، وا پاساوی ئەم دۆخە نوێیە دەکەن گوایە هێرش و پەلامارەکانی ناوەند بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان و جێگیر کردنی دەسەڵاتی خۆی لەسەریان، هیچ پەیوەندی بە ریفراندۆم و هەڵوێست و سیاسەتی ناسیونالیزمی کوردەوە نیەو ئەگەر ریفراندۆمیش نەکرایە دەوڵەتی عێراق ئەو ملهوڕییانەی ئەنجام دەدا.

 

بە بڕوای من ئەو بۆچوونە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیەکی نادروستەو لە رووی پراتیکیەوە دەست پێوەگرتن و دریژەدانی ئەو هۆکارانەیە کە ئەم دۆخەیان لێ کەوتۆتەوە.

 

راستە دەوڵەتی عێراق بە توندی لەژێر کاریگەری شۆڤێنی عەرەبدایەو خواستی ئەوەی هەیە، هەموو ناوچە جێناکۆکەکان تا سنووری ناوچەی حوکمی زاتی بخاتە ژێر رکێفی خۆی و سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی دەسەڵاتی هەرێم دابنێت و لەکۆنترۆڵکردنی یەکلایەنەی ئەو ناوچانە دەستیان کورت بکاتەوە، بەڵام ئەگەر ریفراندۆم و لینک و هاوپێچەکانی نەبووایە، یان بەمانایەکی تر ئەگەر ریفراندۆم لەکاتی گونجاوی خۆی و بەئامادەکاری پێویستەوە بەڕێوە بچوایەو بڕیاری خەڵکی کوردستان بوایە، رووداوەکان بەمجۆرەی ئێستا نەدەبوون و ماڵ و ژیانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بەوجۆرە نەدەکەوتنە بەر مەترسی و ئەم چارەنووسە بەباڵای خەڵکی کوردستان نەدەبڕواو ناوەندیش ئەوەندە پێی لێ رانەدەکێشاو لەو توانایە بەهرەمەند نەدەبوو.

 

ریفراندۆم هەڵبژاردنی شەڕێکی نابەرابەر بوو، بەبێ هیچ ئامادەکارییەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەڕیوەچوو، هەموو کارتەکانی هەرێمی کوردستانی سوتاند، پشتیوانی و لایەنگری و ئیلتیزامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان لەناوبردو خستیە پشتی ناوەند، نەیارو دژبەرانی ئازادی و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانی وروژاندو یەکی خستن، دانیشتوانی کۆمەڵگەی کوردستانی دابەش و پارچەپارچەکرد، تەنانەت بووە مایەی لەبەریەک ترازانی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هیزی چەکدارو فەرماندە سەربازیەکانی پارتی و یەکێتی لەیەک جیاکردەوە، هێزی سەربازی کوردستان وەک لاوازترین هێزی سەربازی و دەسەڵاتی هەرێم وەک فشۆڵترین دەسەڵاتی سیاسی دەرکەوتن و بەرگەی هیچیان نەگرت، وەک پێشبینی دەکرا ریفراندۆمێکی مارانەو درۆیینە بوو، راگەیاندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵکو ئەنجامەکەی خرایە سەر مێزی سەوداو مامەڵە، کە ناوەند بەپشتیوانی و پشتگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە غرورەوە رەتیکردەوەو داوای چۆکدادانی لێکردن، کۆی ئەوانە هەرێمی کوردستانیان کرد بە دۆڕاوی جەنگ، ئەوە بە واقیعی بەرهەمی ئەو ریفراندۆمە بوو نەک بەرئەنجامی حەتمی دۆخی گشتی.

 

ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، بەپێی دەستووری عێراق، کە ناسیونالیزمی کورد بەشداری سەرەکی بووە لە نووسین و دەنگ پێدان و پیاهەڵدانیدا، بەڕیوەبەرایەتییان سپێردراوە بە حکومەتی ناوەند و لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دژی داعشیشدا حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیەکەی واژۆیان کردووەو پارەیان لە ئەمریکا وەرگرت کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش رادەستی حکومەتی ناوەند بکەنەوە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم بیرە نەوتەکانی ئەو ناوچانە چەشەیانکردوو بەو هۆیەوە پابەند نەبوو نە بەو دەستوورەو نە بەو رێککەوتنە، بەبێ ئەوەی هێزو مقەوماتی ئەو کارەی هەبێت رایگەیەندو تەحەدای کرد کە لەو ناوچانە ناکشێتەوەو بەو ریفراندۆمەش واینیشاندا کە دەیەوێت بیانخاتە سەر هەرێم و لەعێراقیان داببڕێت، ئەو یارییەکی کرد کە لەسەرەتاوە دۆڕانەکەی دیار بوو.

 

دەسەڵاتدارانی هەرێم خوێندنەوەیەکی واقیعییان بۆ دۆخەکە نەبوو، وایانزانی وەکو پێشوو بە هەڕەشەو سەرەڕۆیی و ملهوڕی دەتوانن مەرجەکانی خۆیان بەسەر ناوەندا بسەپێنن یان لانیکەم لە بێدەنگیدا رایگرن، ملهوڕیەکانیان لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان تووشی لەخۆبایی بوون و غرورێکی وای کردبوون وایانزانی لەسەر ئاستی عێراقیش بەو ئاسانیە بۆیان دەچێتە سەر، ئەوان بێ ئاگا بوون لەوەی لە جەرگەی شەڕی داعشدا تەرازووی هێز هەم لە ناوخۆو هەم لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی بە قازانجی دەوڵەتی عێراق گۆڕاوە، عێراق لەهێزێکی چەکداری پڕ چەک بەهرەمەندە کە توانای رووبەڕوو بووبەوەی هەیە، ئەوان وشیارانەو ئاگاهانە کاتێکی نەگونجاویان بۆ ریفراندۆم هەڵبژارد، بەڵام بێ ئاگا بوون لەوەی ئەوە هەڵەیەکی کوشندە دەبێت و داشی یاریکەری بەرامبەر سوار دەکات.

 

دەسەڵاتی ناوەند خۆی زۆر لە سەرەڕۆییەکانی هەرێم نیگەران و هەراسان بوو، کە بە سود وەرگرتن لە لاوازی ئەو، سنوری قەڵەمڕەوی خۆی گەیاندبووە دوورترین جێگەی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی تا ئاستی  کۆفیدراڵی و سەربەخۆیی بردبوو، هەموو داهات و سامانی ئەو ناوچانەی دەستبەسەردا گرتبوو، بە زۆری چەک دەسەڵاتی خۆی سەپاندبوو بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا، بۆیە دەوڵەتی عێراق لەبوارێک و بیانوویەک دەگەڕا بۆ ئاوەژووکردنەوەی ئەو دۆخە، ریفراندۆم ئەو بوارو بیانووەی بە باشترین شێوەو لە گونجاوترین کاتدا دایە دەستیان و کار ئاسانی بۆ کردن بۆ ئەم ملهوڕییەی ئێستا، کە بەداخەوە خەڵکی کوردستان، سەرباری هەموو بارگرانیەکانی دیکە، باجی ئەم فەشەل و شکستەشی هاتە سەرو کەوتە بەرامبەر چارەنوسێکی نادیار.

 

 

 
نوسخەی ئامادە بۆ چاپ  
 
سەرنجەكان
   

[1] [2] [3]

  سەرنجێك بنووسە...
ناو: پێویستە ناوێك بنوسیت
ئیمێڵ پێویستە ئێمێڵ بنوسیتئیمێڵەكە بە دروستی بنوسە
سەرنج:  هیچ سەرنجێك نەنوسراوە-
 
 
  باشتر وایە سەرنجەکەت بە یونیکورد بنوسیت... دەتوانیت لێرەدا ئەو کارە بە ئاسانی بکەیت
رۆشنگەری  
دواین بابەتەكان
ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام نەدرایە ئەم دۆخەی ئێستا پێکدەهات؟
عەلی مەولود
ریفریودان
عەلی مەولود
په‌یامێك دژ به‌ جه‌نگ
له‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ئازادیخواز و ڕادیكاڵه‌وه‌
ڕاگەیاندنی ووتەبێژی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق سەبارەت بە رەوشی ئەمڕۆی پارێزگای کەرکوک
یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق
یـــــاریەکانی پارتی
عەلی مەولود
نا بۆ شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران، بەڵێ بۆ ئاشتی،ئازادی و دادپەروەری
ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
جارێکی تر پێویستیمان بە لینینە
عەلی مەولود
هەڵوێستیی تەڤگەری ئازادیی لەمەڕ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌
ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
بایکۆت ، رووداوێکی سیاسی بوو !
عەلی مەولود
ریفراندۆم و ئەنجومەنی ئاسایش!
نزار عبداللە

 

 commona
 
 

info@commona.org - commonasite@gmail.com

سەرجەم مافەكانی ئەم سایتە پارێزراون