head
 
 
 
دانانی " گەمارۆی ئاو" لەسەرخەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئیدانەو شەرمەزار دەکەین!    
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق - کۆمیتەی ناوەندی
2018-06-06
 

دانانی " گەمارۆی ئاو" لەسەرخەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئیدانەو شەرمەزار دەکەین!

بە پێی نەخشەیەکی دارێژراو، هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران، هاوکات دەستیان کردووە بە گرتنەوەی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی لە خاکی وڵاتەکانیانەوە دەڕژێنە وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، تورکیا بە گرتنەوەو گلدانەوەی ئاوی رووباری دیجلەو ئێرانیش بە گرتنەوەو گلدانەوەی ئاوی زێی بچووک، "گەمارۆی ئاو" دەخەنە سەر ژیان لەم سەرزەمینە و پێشبینی دەکرێت نزیک بە ٧ ملیۆن کەس بەهۆی کێشەی کەمئاوییەوە شوێنی ژیانی خۆیان جێبهێڵن و زیانێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری و سەرچاوەکانی ئاوو ئاژەڵداری و بەرهەمی ماسی و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بکەوێت و هەژاری و بێکارییەکی فراوان دروست ببێت.

ئامانجی ئەم دوو وڵاتە بەهیچ شێوەیەک لە پێویست بوونی وڵاتەکەیان بۆ ئاو سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو بەتەواوی بەکارهێنانی کارتی ئاوە بۆ ئامانجی سیاسی و هەردوو وڵات، جگە لە گواستنەوەی قەیرانەکانی ناوخۆ بۆ دەرەوەی سنوور، دەیانەوێت لە رێگەی بەکارهێنانی ئەم کارتە، وڵاتی عێراق هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانەوە وابەستەی زیاتری خۆیان بکەن و دەستڕۆیشتوویی زیاتریان هەبێت لە هاوکێشەو کایە سیاسیەکانی عێراقداو بۆ ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان کەڵکی زیاتر لەم وڵاتە وەربگرن و دەسەڵاتی سیاسی عێراق و کۆمەڵگەی عێراق لاوازتر بکەن و زیاتر بیکەن بە پاشکۆی نەخشە سیاسی و ئابووریەکانی خۆیان.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەسکراوەیی و دەستڕۆیشتووی زۆری هەیە لە عێراقدا دەیەوێت هەموو یاخود زۆربەی کارتەکان لە دەستی خۆیدا کۆبکاتەوەو لەبەرامبەر رکابەرەکانیدا مەیدانداری زیاتر بێت، دەوڵەتی فاشستی تورکیاش بەتایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا، دەیەوێت، بە ئامانجی لاوازکردنی هەدەپە و  بەرتەسککردنەوەی پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە،عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاردا کێش بکاتە ناو زەلکاوی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆی، وە بەهۆی ئەوەی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کە دەرهاویشتەی سیاسەت و ئەجیندای پەکەکەو پارت و رەوتەکانی نزیک لەوە، لەگەڵ نەخشەو سیاسەتی ئەمڕۆی سەرمایەداری جیهان یەکناگرێتەوەو نمونەیەکی نزیک نیە لەوان، جڵەوشلکردنی تەواو بۆ دەوڵەتی تورکیا بەرچاودەکەوێت و لە پلانێکی ژێربەژێری رانەگەیەنراودا، دەوڵەتی تورکیا بە نوێنەرایەتی سەرمایەداری جیهانی و بە پاڵپشتی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی وڵاتانی جۆراوجۆر، لەهەوڵدایە بۆ لەناوبردن و پاشەکشەپێکردنی ئەو ئەزموونە نوێیە کە رووناکیەکە لەناو تاریکی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا.

سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە شارەزایان و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە، هۆشداری دەدەن لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانی ئاوو هەردوو دەوڵەتی تورکیاو ئێرانیش چەندین ساڵە هەڕەشەی  وشککردنی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق و کوردستان دەکەن، بەڵام کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەماوەی چەندین ساڵی دەسەڵاتیاندا لەبەر  دزی و تاڵانکردنی داهات و سامانی گشتی و خۆدەوڵەمەندکردن و قۆرخکردنی بازاڕو ئابووری وڵات، فریای ئەوە نەکەوتوون رێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە دابنێن و لەوبارەیەوە بە تەواوی کەمتەرخەم و نابەرپرس بوون و چارەسەری ئەو گرفتەیان بە ئەرکی خۆیان نەزانیوەو ئێستاش لەجێی خۆیدا نیە چاوەڕوانیەکی زۆر لەم دەسەڵاتە هەبێت، هەربۆیە خەڵکی عیراق و کوردستان دەبێت ئەم کێشەیە و مەترسی و دەرهاویشتەکانی لەڕووی سیاسی و هەروەها لە رووی مرۆییەوە بەجدی وەربگرن و ئەوە بە رۆشنی دەرک بکەن کە  جگە لەوەی بە بیابان بوون و گرفتی کەمبوونەوەی ئاو و کێشە لەسەر ئاو لەم ناوچەیەدا،  لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەگەرێکی پێشبینی کراوە، هاوکات ئەم سیاسەتەی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا کە چەند ساڵێکە نەخشەی بۆ کێشراوە، راستەوخۆ قەیرانی ئاو دروست دەکات و قەیرانەکانی تری دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە ئاستێکی مەترسیدار بەرزدەکاتەوەو ژیان بە مانا فراوانەکەی لەم سەرزەمینە بە هەنگاوی گەورە دەباتە دواوە.

ئێمە ئەو گەمارۆیەی هەردوو دەوڵەتی تورکیاو ئێران لەبواری ئاودا و لەهەمانکاتدا سنوربەزاندن و لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لێدانی پەکەکە، ئیدانەو شەرمەزار دەکەین و دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستە هەڵوێستی جدی لەو بارەیەوە نیشان بدەن و گوشار بخەنە سەر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم کە لەم رووەوە بە بەرپرسیارێتی پێویست هەستن و بەهۆی ئەم فشارانەی دەوڵەتانی تورکیاو ئێرانەوە نەبنە بەشێک لە سیاسەتی ئەوان و نەچنە باوەشیان و مل بە چارەسەری کۆنەپەرستانەی ئەوان نەدەن.

بەپێی یاساو رێسا نێودەوڵەتیەکان ئاو موڵکی هیچ وڵاتێک نیەو موڵکی هەمووانە، بوونی سەرچاوەی ئاوی عێراق لە وڵاتانی ئێران و تورکیا، بەهیچ شێوەیەک مافی وشککردنی ئەو سەرچاوە ئاوییانە ناداداتە ئەو دوو وڵاتەو کۆمەڵگەی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەم لەسەر ئاستی یاسا نیودەوڵەتیەکان جەخت بکەن کە ئاو نەکرێتە چەکێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەو ناکۆکیە سیاسیەکان و هەم لەسەر ئاستی ناوخۆییش دەتوانن و دەبێت بەرەنگاری ئەو سیاسەتە دژی مرۆیی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی تورکیاو ئێران ببنەوەو پێداگری بکەن لەسەر هاوکاری و هاوخەباتی خەڵکی تێکۆشەرو شۆڕشگێڕێ ئێران و تورکیا بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو سیاسەتە.

 

یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێراق

کۆمیتەی ناوەندی

٦ /٦ /٢٠١٨

 

 
نوسخەی ئامادە بۆ چاپ  
 
سەرنجەكان
   

[1] [2] [3] [4] [5]

  سەرنجێك بنووسە...
ناو: پێویستە ناوێك بنوسیت
ئیمێڵ پێویستە ئێمێڵ بنوسیتئیمێڵەكە بە دروستی بنوسە
سەرنج:  هیچ سەرنجێك نەنوسراوە-
 
 
  باشتر وایە سەرنجەکەت بە یونیکورد بنوسیت... دەتوانیت لێرەدا ئەو کارە بە ئاسانی بکەیت
رۆشنگەری  
دواین بابەتەكان
دیالیکتیکی پرسێکی تاقانەی تەمەن
سیروان علی
پەرلەمانتاریزم و دەوڵەتسازی و نەخشەڕێگای گۆڕانکاری و بەرەنگاری..
ووتوێژی سایتی کۆمۆنە لەگەڵ هاوڕێ نزار عبداللە
دانانی " گەمارۆی ئاو" لەسەرخەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئیدانەو شەرمەزار دەکەین!
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق - کۆمیتەی ناوەندی
بەرزراگرتنی ١ی ئایار لە سلێمانی
عەلی مەولود
یەكی ئایار، رۆژی هاوخەباتی چینی كرێكاری جیهانە!
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق
کۆڕەو لە دیگایەکی ترەوە
عەلی مەولود
هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمی پاشەکەوتی مووچە خواستی دەسبەجێ ی خۆپیشاندەرانی کوردستانە
یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێراق
٨ ی مـارس رۆژێک بۆ بەرەنگاری
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق - کۆمیتەی ناوەندی
یرۆزبێت ۸ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن
یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەعێراق - کۆمیتەی دەرەوە
دەستبەسەركردنی سالح موسلیم بە توندی ئیدانە دەكەین
یەكێتی كۆمۆنیستەكان لە عێراق

 

 commona
 
 

info@commona.org - commonasite@gmail.com

سەرجەم مافەكانی ئەم سایتە پارێزراون